حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، كە بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شارۆكەی كەلار 163 پارچە زەوی 200 مەتریی دەدرێتە 163 خێزانی دوو گەڕەكی شارۆكەكە.
ئەمڕۆ یەكشەم 14ی تەمووزی 2024، پلاتفۆڕمی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، بە بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو گەڕەکی لیوا ڕەشەکە و جەمەلۆنەکەی شارۆكەی کەلار کە لە 163 ماڵ پێکهاتوون، هەریەکە بە پارچەیەک زەویی 200 مەتری، قەرەبوو دەکرێنەوە.
پلاتفۆڕمەكەی حكوومەتی هەرێم روونی كردووەتەوە كە ئێستە سەرجەم ڕێکارەکانی قەرەبووکردنەوەیان کۆتایی هاتووە و لە نزیکترین کاتدا زەوییەکانیان پێدەدرێت.
جێگەی ئاماژەیە بەهۆی ئەوەی ئەم دوو گەڕەكە ماڵەكانیان بۆ نیشتەجێبوون شیاو نەبوو، مەترسیی رووخان و بوومەلەرزەیان لەسەر بوو، لەلایەن مەسروور بارزانییەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار راسپێردرا بە قەرەبوو كردنەوەیان و چارەسەر كردنی گرفتەكانیان.
وەزارەتی شارەوانی لەكاتی بڕیاری قەرەبووكردنەوەیان لە راگەیەنراوێكدا روونی كردبووەوە كە ئەو فەرمانەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی دانیشتوانی ئەو دوو شوێنەیە، چونكە لەدوای ڕاپەڕینەوە لەبەر هەژاریی و كەمدەرامەتی لەم شوێنە نەشیاوە بۆ ژیانكردن ماونەتەوەو بەردەوام مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە، بۆیە سەرۆكی حكوومەت بە دابینكردنی پارچە زەوی لەسەر ڕوبەری (200م2) لە سنووی شارەوانیی كەلار شوێنێكی شایستەو گونجاویان بۆ دیاری دەكات تاوەكو ڕزگاریان بێت لەم بارە ناهەموارەی تیایدان، ئەویش بە قەرەبووكردنەوەو گواستنەوەیان بۆ شوێنێكی گونجاو بە ژیان
وەڵام بدەوه