ئەمڕۆ هەینی تەرمی چوار حاجی دیکەی هەرێمی کوردستان کە پێشتر لە کەسوکاریان دابڕابوون لە سعوودیە دۆزرانەوە، بەمەش ژمارەی حاجییە کۆچکردووەکانی هەرێمی کوردستان لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا بۆ 23 حاجی بەرز بووەوە.
کاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: "ئەمڕۆ تەرمی چوار حاجی دیکەی هەرێمی کوردستان لە شاری مەککە دۆزرانەوە بە ناوەکانی سافیە تاهیر كە دانیشتووی قەزای بەردەڕەش بوو، خالیدە عەباس كە دانیشتووی ئیدارەی گەرمیان بوو، ئازاد حەسەن كە دانیشتووی ئیدارەی سۆران بوو، لەگەڵ دڵخواز قادر دانیشتووی قەزای شەقڵاوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ژمارەی حاجییە کۆچکردووەکانی هەرێمی کوردستان لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا، گەیشتووەتە 23 حاجی کە 22 حاجییان بە ڤیزای یەک ساڵی گەشتی وڵاتی سعوودیەیان کردبوو.
ئەو حاجییانەی ئەمڕۆ هەینی تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە، پێشتر ون بووبوون و هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ کەسوکار و هاوەڵەکانیان لە گەشتی حەجدا نەمابوو، لە درێژەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی حاجییە ونبووەکان، تەرمەکانیان دۆزرایەوە کە پێدەچێت بەهۆی کاریگەرییەکانی گەرما لەسەر تەندروستییان گیانیان لەدەست دابێت.
وەڵام بدەوه