Kurdistan Press - سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ھەولێر دەکات سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ھەولێر دەکات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ھەولێر دەکات

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئاشكرای دەكات، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری تورکیا، لە کۆتایی ئەم مانگەدا (ئادار مارسی ٢٠٢٤) سەردانی هەردوو پایتەخت بەغدا و هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو لا كۆ دەبێتەوە، واش بڕیارە تەوەرە سەرەكییەكانی سەردانەكەی، گفتوگۆكردن بێت لەسەر پرسی بوونی بنكە و بارەگا و چەكدارانی پەكەكە، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كێشەی ئاو و رووبارەكان.

ئەو بەرپرسە، کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، راگەیاندووە، سەركۆماری توركیا بە سەرۆکایەتیی شاندێک، کە بەرپرسانی باڵای تورکیا و ژمارەیەک بازرگان و خاوەن کۆمپانیای جیاجیای لەگەڵدا دەبێ، سەردانی بەغدا و دواتر هەولێر دەکات.

ئاشكراشی كردووە، سەردانەکە دوو ڕۆژی دەخایەنێت، ڕۆژێک لە بەغدا و رۆژی دووەمی لە هەولێر دەبێت.

بەرپرسەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، راشیگەیاندووە، بڕیارە لەو سەردانەدا ژمارەیەک پرسی هەڵپەسێردراو چارەسەر بکرێن، دیارترینیان پرسی چەكدارانی پەكەكە، ئاو و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

ئەو بەرپرسە عێراقییە، جەختی لەوەش كردووەتەوە: "ئامانجی سەردانەکەی ئەردۆغان، دۆزینەوەی چارەسەری تەواو و كۆتاییە سەبارەت بە دۆسیەی پەكەكە و ئاو، هەروەها دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، جگە لەوەی ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی هەیە لەگەڵ حکوومەتی عێراق، پەیوەست بە کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان بۆ سنووردارکردنی جموجۆڵەکانی چەكدارانی پەكەكە، کە ئەنقەرە بە(مەترسییەکی گەورە و مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی) دەزانێت.

ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە، دۆسیەی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانیش لە گفتوگۆکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا باسی لێوە دەكرێت.

سبحان ئەلمەلا جیاد، ڕاوێژکاری کاروباری سیاسیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە، سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا بۆ عێراق، بڕیار بووە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئەنجام بدرێت، بەڵام بۆ ئێستا دوا کەوتووە، ئەوەش بەهۆی ئەو بارودۆخەوە بووە کە لە ناوچەکەدا هاتووەتە پێش، بەتایبەتی پێشهاتەکانی غەززە.

ئاماژەی بەوەش کرد: "سەردانەکەی ئەردۆغان زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی زۆر لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە لە کاتی سەردانەکەدا: "دۆسیەی ئاو باس دەکرێت، بەهۆی گرنگییەکی زۆری بۆ لایەنی عێراقی، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی ئەو قەیرانی وشکەساڵییەی کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، هەروەها جگە لە دۆسییە ئابوورییەکان، هاتنەكەی پەیوەندیی بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتەوە هەیە، بەو هیوایەی لەو سەردانەدا دووبارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە ڕابگەیەنرێت.

ئاشكراشی كردووە، دۆسیەی ئەمنی لە پێشینەی کارەکانی ئەو سەردانە دەبێت، لایەنی عێراقی تاوتوێی ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی گرنگ لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەکەن، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر ڕاگرتنی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، هەروەها دۆسییەی بوونی سەربازانی تورکیا لەناو خاکی عێراق.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه