Kurdistan Press - ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرابوو ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرابوو | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرابوو

ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرابوو. ئەمڕۆ چوارشەممە 2/21 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر بەشداری و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات لە ڕۆژانی 12 تا 14ی ئەم مانگە .

ماوەی چەند ساڵێکە، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستێکی باڵا بەشداری لەم لوتکەیە دەکات و پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکرێت . ئەمساڵیش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرنگی لە لوتکەکەدا ئەنجامدا و هەروەها سەرۆک وەزیرانیش ، گوتارێکی سەرەکی لە لوتکەکەدا پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگیی چارەسەرکردنی پرسی گەلی کوردستانی کرد وەک بەشێک لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە بڕیارێک کرا بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی ڕسومات و کرێ و تێچووی تایبەت بە تۆماری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی پێشکەشکردنی کارئاسانی زیاتر بۆ کارسازیی و بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر و ئاسانتر بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکان لە هەرێم بە تێچوویەکی کەمتر و کاتێکی کورتر ودوور لە ڕووتین و ئەڵقەی ئیداریی زیاتر لە ڕێگەی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریی وڕاییکردنی مامەڵەکان و ئاسانكردنی ئەرکی سەرشانی ئەو گەنجانەی کە خوازیاری کاری بازرگانی و داهێنەرانەن، بە تایبەتی لە ڕووی کارئاسانیی لە بواری پێدانی باج بۆ کۆمپانیا نوێیەکان و بابەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی موڵکداریی فیکریی وهزریی داهێنەران.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران خشتەی نوێی ئەو رسوماتانەی پەیوەندیداربوون بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پەسەند کرد و لە دوای بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

دواتر لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوە، کە تەرخانکرابوو بۆ پێداچوونەوە بە کەرتی باج لە هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی کێشە و دەرفەتەکان و چارەسەرەکان، سەرەتا کەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کە بۆ ئەو بڕگەیە میوانداری کۆبونەوەکە کرابوو، ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی لە بارەی کەرتی باجەکان لە هەرێم بۆ ئەنجومەن خستەڕوو .

لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە واقیعی ئێستای باج کرد و ئاماژەیدا بە هەموو ئەو چاکسازیانەی لەم کابینەیە ئەنجام دراون بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی کەرتی باج بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادپەروەریی لە پێدانی باج بە بێ ئەوەی هیچ باجێک زیاد بکرێت یان ڕێژەکەی بەرزبکرێتەوە بەڵکو بڕ و ڕێژەی باج هەروەک خۆیەتی و گۆڕانکارییان تێدا نەکراوە، ئەوەی کراوە ڕێکخستنەوەی ڕێکار و پرۆسەکانی وەرگرتنی باجە و گرتنەبەری میکانیزمی نوێ و گونجاوە، بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج و نەهێشتنی لێخۆشبوونی ناڕەوا و نا یاسایی لە پێدانی باج و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی ڕووتین.

بەو پێیەی باج یەکێکە لە داهاتە گرنگەکانی هەرێم کە رێکخستنەوە و برەوپێدانی کاریگەری گەورەی لەسەر گەشەی دارایی و بەرزکردنەوەی قەبارەی خزمەتگوزارییەکان و بەکارهێنانەوەی داهاتەکەی لە خەرجیە گشتیەکان و پڕکردنەوەی کورتهێنان دەبێت، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم ، بەردەوام بێت لە چاکسازیکردن لە سیستەمی باج و ڕێگرتن لە خۆدزینەوەی باجدەران لە پڕۆژە و کۆمپانیاکان لە پێدانی باج، دەبێ بەشێوەیەکیش ڕێکبخرێتەوە کە ببێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و لە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بێت و ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی و ئابووری هاووڵاتیان بکات و بارگرانیی لە سەر کاسبکاران و کارسازان دروست نەکات.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه