وەزیری دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد کە هەر فەرمانبەرێك رۆتین لە مامەڵەی هاووڵاتییان كەم بكاتەوە ئەوە پاداشت دەكرێت و سەرمووچەی پێ دەدرێت.
بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی داد، وەزیری دادی هەرێمی کوردستان، داوای لە هەموو پێکهاتەکانی وەزارەتەكەی کردووە، کە گشتاندنێکی ڕاستەوخۆ بۆ هەموو فەرمانبەرەکانیان بکەن، تاوەكوو هەر فەرمانبەرێک ئەو ئەڵقە و هەنگاوە زیادانە دەستنیشان بکات، کە لە ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییاندا هەیە و دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجامدانی مامەڵەکان و ڕۆتینی زیادە.
ئەو گشتاندنەی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە رۆژی 14ی شوباتی 2024 واژۆ کراوە و جەخت كراوەتەوە: "بەمەبەستی زیاتر کەمکردنەوەی رۆتین و خێرا راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیانە لە دەزگا و فەرمانگەکانی سەربە وەزارەتی داد، گشتاندنەکە بۆ هەموو سەرۆکایەتی و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی سەربە وەزارەتی دادە."
هەرلەو گشتاندنەدا وەزیری داد دووپاتی کردووەتەوە: "لەبەرامبەردا پاداشتی هەرفەرمانبەرێک دەکرێت کە لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو بێت و چارەسەری گونجاو دیاری بکات، بەو پێیەی کە کارێکە شایانی ڕێزو سوپاسە و بەپێی یاسا شایستەی پێشینەی سەرمووچە دەبێت."
وەڵام بدەوه