ئەمڕۆ چوارشەممە 06-12-2023، گۆران محەممەد، کە فرۆشیاری نەوتی سپییە و بە ئۆتۆمبێل نەوت دەگەیێنێتە ماڵان راگەیاند، "ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوتی سپی ئەوەی پێی دەڵێن نەوتی بایعی و پاڵپشتیکراو لە لایەن حکومەتەوە بە 130 هەزار دینار دەفرۆشرێت. ئەو نەوتەشی لە بەغداوە دێت بەرمیلی بە 150 هەزار دینارە".
دابەزینی نەرخی نەوت لەکاتێکدایە، پار مانگی 12 بەرمیلێک نەوتی سپی بە زیاتر لە 200 هەزار دینار دەفرۆشرا.
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتی سپی، گۆران محەممەد گوتی، "نەوت زۆرە و کەمترین خەڵکیش داوای دەکەن. بێگومان دابەشکردنی نەوتیش هۆکارێکی سەرەکییە".
بەگوێرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 3ـی ئەم مانگە زیاتر لە 151 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر 756 هەزار خێزاندا دابەشکردووە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 59 ملیۆن و 914 هەزار و 340 لیتر نەوت دابەشکراوە؛ لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 32 ملیۆن و 287 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیش 58 ملیۆن و 955 هەزار و 400 لیتر نەوت دابەشکراوە، کە کۆی گشتی ئەو نەوتەی دابەشکراوە 151 ملیۆن و 156 هەزار و 740 لیترە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، تاوەکو ئەو رێککەوتە 755 هەزار و 784 خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە؛ هەروەها 532 هەزار و 162 خێزان ماون نەوت وەربگرن.
لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆرترین خێزان سوودمەندبوون کە 299 هەزار و 572 خێزانن، دوای ئەوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 294 هەزار و 777 خێزان یەکی بەرمیلێک نەوتیان وەرگرتووە. لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش 161 هەزار و 435 خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە.
04-10-2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە کە هەر ماڵێک بەرمیلێکی 200 لیتری پێدەدرێت. نرخی بەرمیلێک نەوت 104 هەزار دینارە کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
وەڵام بدەوه