مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 109 ملیار دینار تەرخان دەكات بۆ پرۆژەی ئاوی ئاکرێ. بەڕێوەبەری پڕۆژەكەش دەڵێت: لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە بەدواداچوونی بۆ کراوە و پاڵپشتیی بەردەوامبوونی پرۆژەکەی کردووە.
هاوار حەمەئەمین، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاوی ئاکرێ، لەو بارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە کابینەی نۆیەمدا، چەندین پرۆژەی ستراتیژی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون، بەشێکیشیان پلانیان بۆ دانراوە جێبەجێ بکرێن؛ پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی ئاکرێ، لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە بەدواداچوونی بۆ کراوە و پاڵپشتیی بەردەوامبوونی پرۆژەکەی کردووە، تا ئاوی پاکژ بۆ خەڵکی دەڤەری ئاکرێ و دەوروبەری دابین بکات.''
فەرمانگەكە ئاشكرایشی كردووە، ئەو پرۆژەیە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، 109 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە.
پرۆژەی ئاوی ئاکرێ یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژی و گەورەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان کە لەسەر زێی گەورە دروست دەکرێت و ئاوی پاک بۆ دانیشتوانی ئاکرێ و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات و گرفتی کەمئاویی سنوورەکە بنبڕ دەکات.
کارکردن لە پرۆژەکە دەستی پێ کردووەتەوە، بە درێژایی 114 کیلۆمەتر بۆڕی ڕادەکێشرێت و بڕیارە لە ماوەی چواردە مانگدا تەواو بکرێت. پرۆژەکە بە سوودوەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی، لە ڕۆژێکدا 72 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک بەرهەم دەهێنێت.
خەرجیی ساڵانەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان 552 ملیار دینارە؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە لە ڕێگەی 81 پرۆژە و 5787 بیر، دوو ملیۆن و 784 هەزار و 606 مەتر سێجا ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات.
وەڵام بدەوه