بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناو و لۆگۆی خۆی بەشداری دەکات و لیستەکەشی لە 30 کەسایەتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کەرکووک پێکدێت.
وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق ئەنجام بدرێت کە لە ساڵی 2005ـەوە ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگایە لە شاری کەرکووک بەڕێوەبچێت.
لەلایەن خۆیەوە، سامان رەشید، رێگەپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک راگەیاند، پارتی بە ناو و لۆگۆی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات و لیستەکەشی لە 30 کەسایەتی پێکهاتووە و ناوەکانیان پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە.
سامان رەشید، ئاماژەی بەوەشکرد، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. نوێنەری تەواوی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی پارێزگاکەی لەخۆگرتووە و سەرجەم چین و توێژەکان، پسپۆرییە جیاوازەکان و ناوچە جوگرافییەکانی پارێزگای کەرکووکیش نوێنەریان لە لیستەکەدا هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکانی هەڵبژاردن، پێویستە رێژەی ئافرەتان لە 25% کەمتر نەبێت، و لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەو رێژەیەش زیاتر نوێنەری ئافرەتی لەخۆگرتووە.
هاوکات بەپێی ئەو لیستەی لەلایەن پارتییەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێشکەشکراوە، حەسەن مەجید رەشید، سەرۆکی لیستەکە دەبێت و نوێنەری چەند لایەنێکی دیکەی سیاسیی و کەسایەتی دیاری پارێزگای کەرکووکیش لە لیستەکەدا ناویان هەیە.
وەڵام بدەوه