پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئابی 2023، سەرۆك مەسعود بارزانی سەردانی قەزای بەردەڕەشی كرد و لەگەڵ جەماوەر و چینوتوێژەكانی ئەو دەڤەرە کۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی گوتارێكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و لە گوتەكەیدا تیشكی خستەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە سەركەوتن لە یەكبووندایە و لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهاتنی یەكڕیزی لەسەر بابەتە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان بەردەوام دەبێت.
هەر پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆك بارزانی ڕای گەیاند: "نابێ لایەنەكان بكەونە سەر ڕێگەیەك كە بۆ دروستكردنی كێشە بۆ پارتی یاری بە بابەتە نەتەوەییەكان بكەن و كار بۆ لاوازكردنی هەرێمی کوردستان بكەن، چونكە كوردستان لەسەرووی پارتی و لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە.
هەروەها سەرۆک بارزانی ئەوەشی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە كە هەڵبژاردن سەنگی مەحەكە بۆ حوكمڕانی و پێگەی لایەنەكان و دەبێ لەو ڕێگەیەوە لایەنەكان متمانەی گەل وەربگرن.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ دا و ئەوەی خستەڕوو كە حكوومەتی تازەی عێراق لەسەر بنەمای كۆمەڵێك ڕێككەوتن و پڕەنسیپەكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق دامەزراوە، بەڵام بەداخەوە هێشتا نیەتی خەراپی پشتگوێخستنی ڕێككەوتنەكان هەر ماوە.
سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پشتگیریی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بەڕێز سوودانی دەكەین بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو ڕێككەوتنانە جێبەجێ بكات و ڕێگریی لێ نەكرێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و تێبینییەكانی ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەی دایەوە و ئەوەشی خستەڕوو كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرباری بوونی گرفت و قەیران ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ خزمەتكردنی خەڵك كردوویەتی و لە هەوڵی ئەوە دابووە سەرچاوەكانی تری داهات بە تایبەتی لە بواری كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات.
وەڵام بدەوه