حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرجەم ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەت هەیە کۆبووەوە و چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێکرد.
د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: "ئەمڕۆ چوارشەممە 23/8/2023، لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان کە گرێبەستیان هەیە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە."
ئەوەشی خستووەتە روو: "لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە سکرتێری ئەنجسومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، وەزیری داد و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکسومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون."
ئاماژەشی بەوەداوە: "وێرای دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکانی بواری نەوت،تیشک خرایە سەر دوایین سەردان و گفتوگۆکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و تێچووی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکانی نەوت و بۆچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم ڕووەدا و ناردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بۆچوونی بەغدا لەم رووەدا خرایە ڕوو."
روونیشیکردووەتەوە: "هەر لە کۆبوونەوەکەدا کار و چالاکی کۆمپانیاکانی بواری نەوت بەرز نرخێنران و کۆمپانیاکانی بواری نەوت بە هاوبەشێکی راستەقینەی حکومەتی هەرێم باسیان لێوەکرا ئەوەش خرایەڕوو کە بەرگری لە ماف و گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم دەکەن، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتۆگۆکان لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە مەبەستی چارەسەر لە چوارچێوەی دەستور و پڕۆژە یاسای بودجە.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران راشی گەیاندووە: "بەشێکی تری کۆبوونەوەکە باسکردن بوو لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز و بۆچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پڕۆژە یاساکە خرانەڕوو، هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆمپانیاکانی بواری نەوت بۆچوون و سەرنجەکانی خۆیان بۆ پڕۆژە یاسای نەوت و گاز خستەڕوو."
وەڵام بدەوه