تورکیا بۆ پرسی چارەسەری کورد لە دەرگای پیرمام دەدرێت
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 23_8_2023، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا بگاتە هەرێمی كوردستان، واتە رۆژێك پێشتر لە عێڕاق دەبێت و پاشان بۆ هەرێم. بەگوێرەی زانیارییەكان، یەكێك لەو تەوەرانەی فیدان قسەی لەبارەوە دەكات، هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەرییە لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی.
موراد سابونجوو، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، لە وتارێكدا كە باسی لە پێگەی هەدەپە كردووە لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا و ئاماژەی داوە، كە دەنگۆ هەیە هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، لە ئاكەپە نزیك ببێتەوە، بۆ ئەمەشیان باس لە هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری دەكرێت لە توركیا.
سابوونجوو، لە وتارەكەیدا باسی لەوەش كردووە، بۆ ئەوەی سەرەداوی ئەوەی بزانین ئاخۆ پرسی چارەسەری دەهێنرێتەوە بەرباس یان نا، رۆژی چوارشەممە، لەگەڵ چوونی هاكان فیدان بۆ عێڕاق و پاشان هەرێمی كوردستان دەردەكەوێت، بەتایبەت كاتێك لەگەڵ مەسعوود بارزانیدا كۆدەبێتەوە و لەسەر ئەو پرسە قسە دەكەن.
پێشتریش فیدان یەكێك بووە لەو سەركردانەی، رۆڵی سەرەكی هەبووە لە هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری، هەروەها ئەوكاتەی لە دەزگای هەواڵگری توركیا كاری دەكرد، راسپێردرابوو بۆ ئەوەی لە ئۆسلۆ لەگەڵ پەكەكەدا دابنیشێت و بگەنە رێككەوتن و كۆتایی بەشەڕ بهێنرێت، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام، بۆیە ئەكتەرێكی دیاری پرسی چارەسەری بووە.
لە 2013شدا، سەرۆك بارزانی، رۆڵی سەرەكی هەبوو لەوەی ئاشتی جێگەی شەڕ بگرێتەوە لە توركیا و پرسی چارەسەری بگاتە خاڵی كۆتایی، بۆیە كاتێك داوەتی ئامەد كرا و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی ئەوكات پێشوازی لێكرد، بارزانی بەدەنگی بەرز باسی پرسی چارەسەری كرد و گوتی ”پێویستە پرسی كورد بەئاشتیانە چارەسەر بكرێت“.
رۆڵ و بۆچوون و پێگەی بارزانی، بۆ توركیا گرنگە لەبارەی پرسی چارەسەری، بۆیە رەنگە فیدان لەوڕووەوە بۆچوونی سەرۆك بارزانی وەربگرێت و پاشان لە توركیا كاری لەسەر بكەن، بەتایبەت هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا نزیك بووەتەوە، ئەردۆغان دەیەوێت شارەوانییە گەورەكانی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا لە ئۆپۆزسیۆن وەربگرێتەوە، بۆ ئەمەشیان پێویستی بە دەنگی هەدەپە هەیە، بۆیە هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری دەنگۆیەكی بەهێزە.
كارزان گلی
وەڵام بدەوه