سەرۆك بارزانی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی نێوان پۆل بریمەر، حاكمی مەدەنیی ئەمریكا لە عێراق و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان ئاشكرا دەكات، كە تێیدا بریمەر بە سەركردە سیاسییەكان دەڵێت، لێژنەیەك پێك بهێنن بۆ ئەوەی ببن بە ڕاوێژكارم.
لە لاپەڕە ٨٧ و ٨٨ی بەرگی شەشەمی زنجیرە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) كە ئەم بەشەیان تایبەتە بە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ تاوەكوو ٢٠١٦، سەرۆك بارزانی نووسیویەتی: ”چەند ڕۆژێك دوای گەیشتنی بۆ بەغدا، بریمەر داوای كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتیی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كرد. لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند: (من بە فەرمانی سەرۆكی ئەمریكا و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش وەك حاكمی مەدەنی هاتووم، هەموو دەسەڵاتێكم هەیە، بەڵام داوا دەكەم لێژنەیەك لە سەركردەكانی هێزە سیاسییەكان پێك بێت وەك ڕاوێژكار، هەرچەند وشەی داگیركەر، وشەیەكی ناخۆشە، بەڵام هەوڵ بدەن لەگەڵی ڕابێن و لەگەڵی بژین.) بەڕاستی ئەمە بابەتێكی چاوەڕواننەكراو و ڕووداوێكی زۆر سەیر بوو. هەموومان سەیری یەكترمان كرد، لە كوێ و لە چی؟ بۆ كوێ و بە چی گەیشتین؟“
هاوكات سهرۆك بارزانی ئاشكرای كردووە: ”دوای قسەكانی بریمەر، من دەستم بە قسەكردن كرد و گوتی: بەخێر بێیت، هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لە كاروبارەكانتاندا. من لە شوێن و بە نوێنەرایەتیی خۆم قسە دەكەم. من ڕاوێژكاری كەس نابم، من دەگەڕێمەوە هەولێر، ئەگەر جەنابیشت ئیش و كارێكتان هەبوو، ئێمە لەوێین.“
ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە: ”هەموو برادەران تووشی شۆك بوون. چەند كەسێك ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربڕی و كەس ڕازی نەبوو لەم بارودۆخ و پێشهاتە نوێیە. ئەم سیاسەتە زۆر جیاواز بوو لەو بابەتانەی لە كۆنگرەی لەندەن و كۆبوونەوەی سەڵاحەدین بڕیاریان لەسەر درابوو و ڕێككەوتنیان لەسەر كرابوو. تا ئێستا تەعلیق و نوكتەیەكی سامی عەبدولڕەحمانم لەبیرە كە دوای گەڕانەوەمان بۆ هۆتێل گێڕایەوە و گوتی: (ئەمریكا خۆی لە هێزێكی ڕزگاركەرەوە كردە هێزێكی داگیركەر. وەك مرۆڤێك كە باوكی خۆی دەكوژێت، بۆ ئەوەی سوێند بە گۆڕەكەی بخوات.)“
سەرۆك بارزانی دەڵێت: ”دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكەی بریمەر، گەڕامەوە كوردستان، بەڵام ژمارەیەك لە هەڤاڵانمان لە بەغدا بەجێ هێشت بۆ بەردەوامیدان بە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و لایەنە عێراقییەكان كە بریتی بوون لە: هۆشیار زێباری، سەفین دزەیی، محەمەد ئیحسان و فەوزی هەریری. هەروەها كاك عارف تەیفوور وەك لێپرسراوی لقی پێنج دەستنیشان كرا، فەلەكەدین كاكەییش بۆ بەرپرسی ڕاگەیاندن دیاری كرا.“
لەبارەی بارودۆخی دوای هاتنی بریمەریش، سەرۆك بارزانی نووسیویەتی: ”بریمەر، دوای هاتنەكەی، جەنەڕاڵ گارنەر و خەلیلزاد و كۆلۆنێل ناب و هەموو ستافەكانی پێشتری لەكار لادان، چونكە ناوبراو ستافی خۆی لەگەڵ بوو. گارنەر و خەلیلزاد و ناب و ستافەكانیان، هەموویان ناسراو بوون، بەڵام بەپێچەوانەوە، نە بریمەر و نە ستافەكەی، كەسیان ناسراو نەبوون و هیچ شارەزاییشیان لە بارودۆخی ناوچەكە نەبوو. ئەفسەر و یەكە سەربازییەكانیشیان لە ناوچە جیاجیاكاندا بە دەسەڵاتی تەواوەوە بوون بە حاكم. بارودۆخێكی زۆر ناخۆش هاتە ئاراوە، لە زۆر شوێن كێشە لەنێوان پێشمەرگە و ئەمریكییەكاندا پەیدا بوو. سەرەتا سەربازە ئەمریكییەكان زۆر لەخۆبایی و لووتبەرز بوون، بەڵام كاتێك لە ناوەڕاست و باشوور تووشی كێشە و گیروگرفت بوون، ئەوكات قەدری پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانیان زانی.“
وەڵام بدەوه