سەرۆك بارزانی ڕووداوێكی سەیر لەنێو هەلیكۆپتەرێكی ئەمریكی ئاشكرا دەكات كە خۆی و سكرتێری پێشووی حزبی شیوعیی كوردستانی تێدا بووە.
لە لاپەڕە ٢٢٤ی بەرگی شەشەمی زنجیرە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) كە ئەم بەرگەیان تایبەتە بە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ تاوەكوو ٢٠١٦، سەرۆك بارزانی باس لەوە دەكات كە ڕۆژی ٨ی تشرینی یەكەمی ٢٠٠٥، بەهۆی هەلیكۆپتەرە ئەمریكییەكانەوە سەردانی بەغدای كردووە و لە دیدار و كۆبوونەوەكاندا هەوڵێكی یەكجار چڕ دراوە بۆ هەمواركردنەوەی ژمارەیەك لە ماددە و بڕگەكانی دەستووری عێراق (كە ئەوكات هێشتا دەستوورەكە لە لایەن گەلانی عێراقەوە دەنگی لەسەر نەدرابوو)، كە ئەگەر هەموار بكرانایەوە، ئەوا ”بۆ خەڵكی كوردستان و تەنانەت هەموو گەلانی عێراقیش زیانبەخش بوو
سەرۆك بارزانی ڕوونی كردووەتەوە، زۆر بە توندی دژی ئەم هەواڵانە وەستاوەتەوە، پاشان ئێوارەی ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەكەم ئاهەنگێك لە هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساز كرا بە بۆنەی ڕاگەیاندنی هەمواركردنەوەكانەوە. ”هەر هەمان شەویش گەڕاینەوە كوردستان.“ و بڕیار درا ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠٠٥ ڕاپرسی لەسەر دەستووری هەمیشەیی عێراق بكرێت.
لە پەراوێزی هەمان لاپەڕەشدا سەرۆك بارزانی ڕووداوی نێو هەلیكۆپتەرە ئەمریكییەكەی گێڕاوەتەوە و نووسیویەتی: ”لە شەوەی گەڕانەوەماندا بە هەلیكۆپتەرێكی ئەمریكی، كەمال شاكر، سكرتێری حزبی شیوعیشمان لەگەڵ بوو (سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی)، دیار بوو قاتێكی كەشخە و تازەشی لەبەر كردبوو. لە شانسی خراپی كاك كەمال لە كونێكی سەقفی كۆپتەرەكە و لەو شوێنەی ئەو دانیشتبوو، ڕۆن و گازوایل ڕژایە سەر جلوبەرگەكانی. ئەفسەرە ئەمریكییەكانیش دڵنیایان كردینەوە و گوتیان هیچ نییە و شتێكی ئاساییە، بەڵام بەهۆی دەنگی هەلیكۆپتەرەكانەوە كەسمان دەنگی یەكترمان نەدەبیست، بۆیەش من لەسەر پارچە كاغەزێك بۆ كەمال شاكرم نووسی: (دیارە هەلیكۆپتەرە ئەمریكییەكە زانیویەتی تۆ شیوعی و كەسی شیوعی قبووڵ ناكات، ئەگینا بۆچی گازواییلەكە تەنیا بەسەر تۆدا ڕژا).“
وەڵام بدەوه