سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ماوەیەکە لە سنووری دەڤەری سلێمانی، بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی و حزبیی و کەسییەکان رۆژبەرۆژ روو لە زیادبوونە، داوای رادەستکردنی تۆمەتبارانیش دەکات لەنێویاندا ناوی وەهاب هەڵەبجەیی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی هاتووە.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە راگەیێندراوەکەیدا لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی فەرمانی راگرتنی وەهاب هەڵەبجەیی نووسیویەتی: "هەندێک تۆمەتباری داواکراو لەلایەن دادگەوە هەن پێویستە رادەستی یاسا بکرێن و لە بەردەم دادوەردا ئامادەبن تاوەکو دادگە رێکاری یاسایی خۆی بەرامبەریان بگرێتەبەر.
داواکاری گشتی بەبێ ئاماژەکردن بۆ هیچ رووداوێکی دیاریکراو، نووسیویەتی: "ئامادەنەبوون لە بەردەم دادوەر و پشتگوێخستنی داواکاریی دادگە و رادەستنەکردنی داواکراوان بە یاسا، دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حاڵەتەکانی تیرۆر و کوشتن و رفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان روو لە زیادبوون بکات.
وەڵام بدەوه