Kurdistan Press - راگەیێندراوێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی راگەیێندراوێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

راگەیێندراوێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی

ئەمڕۆ یەکشەممە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا پشتیوانیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی تەممووزی 2023، لە دەباشان شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، شاڵاو عەلی عەسکەری و شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتی پێشوازییان لە شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتیی فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و ئەندامێتیی هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا، پشتیوان سادق و عەلی حوسێن، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کرد و کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، هەردوو مەکتەبی سیاسی راگەیێندراوێکی هاوبەشی پێنج خاڵییان بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە هاوهەڵوێستی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەنەوە لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە رۆژێکی بۆ دیاریدەکرێت، هاوکات جەخت لە یەکخستنەوەی پێشمەرگە و پشتیوانیی کارنامەی حکومەت دەکەنەوە و بڕیاریشیانداوە درێژە بە کۆبوونەوەکانیان بدەن.

دەقی راگەیێندراوە پێنج خاڵییەکەی پارتی و یەکێتی کە لە کۆبوونەوەکە لەسەری رێککەوتوون:

1- هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

2- بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.

3- بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت

4- هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.

5- لەپێناو زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا، بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه