ئەنجومەنی وەزیران هاوئاهەنگیی و هاریکاریی فەرمانگە و دامەزراوەکانی باجی لە حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بە گرنگ زانی و پشتیوانی لێ دەکات. لە هەمان کاتدا، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی، مافی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستووریەکانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستوور، پەرە بە هاوئاهەنگیی و هاریکاریی و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بدەن.
پاشان ئالان حەمە ساڵح وەزیری پەروەردە، ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2025 لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لەمبارەیەوە وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە چاپکردنی کتێب و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و قوتابخانەکان و گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن کرد و چەند پێشنیارێکیشی خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەرخستنی پلانی وەزارەت لەم بارەیەوە.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری پەروەردە و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەڕای نالەباری بارودۆخی دارایی و ئابووری ئەم چەند ساڵە، بە تایبەتیش کێشەی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە هەموو پێکهاتە و هێزی مرۆییی وەزارەتەکە، بە پشتیوانیی حکومەت و ڕێکخراوە نيودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و پشتیوانیی کەرتی تایبەت، بەرەوپێشچوونی باشی لە ڕووی ڕاهێنانی مامۆستایان و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریی فێرکردن و چاپکردنی کتێبی نوێ وکردنەوەی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەیان و زیادکردنی ژوورەکانی پۆلی خوێندن و ڕێکخستنەوەی میلاکات ئەنجام داوە.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران ، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ڕێز و شکۆوە ، یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەی کردەوە کە ساڵی 1969 ، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق، خەڵکی گوندەکە لە کریستیان ( کلدان) و موسڵمان، کومەڵکوژ کران. داواش لە حکومەتی فیدراڵ کرا کە قوربانیيانی ئەم تاوانە و هەموو قوربانیانی دیکەی دەستی ڕژێمی عێراق، قەرەبوو بکاتەوە.
وەڵام بدەوه