دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ساڵی 2021 ژمارەیەک بڕگەی زیادکراو بۆ رەشنووسی بودجەی بێ گەڕانەوە بۆ حکومەت رەتکردووەتەوە و بە نادەستووری و بەپێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق ناویبردوون.
هاوکات بەپێی بڕیاری ژمارە 25ـی ساڵی 2012ـی دادگەکە ئەنجوومەنی نوێنەران مافی ئەوەی نییە گۆڕانکاری کرۆکی لەسەر رەشنووسی بودجەی پێشکێشکراو لەلایەن حکومەتەوە بکات.. جگە لەوە بڕیارێکی ساڵی 2015ی هەیە دەڵێت، نابێت گۆڕانکارییەکانی سەر رەشنووسی بودجە لەگەڵ کارنامەی وەزاری کە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسندی کردووە، دژ بێت.
رۆژی دووشەممە 29-5-2023، سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەستکاریکردنی مادەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو گۆڕانکارییانەی کراون پێچەوانەی زۆر یاسا، پەیڕەو، بڕیار و تەنانەت دەستووری عێراقە.
وەک سیپان شێروانی دەڵێت، "ئەوەی کراوە هەڵگەڕانەوەی تەواوی مادەکانە کە ئەوە پێچەوانەی یاسای بەڕێوەبردنی داراییە کە دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە گواستنەوە لەنێو دەوازە و بەشەکانی رەشنووسەکە، کەمکردنەوەی بڕی خەرجییەکان، زیادکردن بەگەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و وەرگرتنی را و رەزامەندی، جگە لەوەش پەسندکردنی رێککەوتن و قەرزەکان دیاریکردووە، بۆیە ئەوەی کراوە لەو چوار خاڵە بەدەرە.
بەگوتەی پەرلەمانتارەکە، ئەگەری پەنابردن بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ سکاڵاکردن و تانەلێدان لە رەشنووسەکە ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستای پەسندبکرێت و گوتی" ئەوە یەکێکە لە ئەگەرەکان وسکاڵا لەسەر یاساکە تۆماردەکەین.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە رابردوودا دادگەی فیدراڵی چەند جارێک گفتوگۆی بابەتی گۆڕانکاری و دەستکاریکردنی بڕگەکانی رەشنووسی ئەو بودجەیەی لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە، کردووە، چەند جارێک تانە و سکاڵای لەبارەوە تۆمارکراوە.
یەکێکیان کۆبوونەوەیەکی رۆژی 29-9-2021، دادگەی باڵای فیدراڵییە بە سەرۆکایەتیی جاسم محەممەد عەبوود و دادوەرانی ئەندامی دادگەکە. مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق سکاڵایەکی لەسەر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکردبوو لەبارەی ئەوەی حەلبووسی ژمارەیەک مادەی خستووەتە نێو یاسای بودجەی عێراق، ژمارە 23ـی ساڵی 2021 و هەمواری کردوونەتەوە لەکاتێکدا لە رەشنووسەکەدا نەبووە و ئەو گۆڕانکارییانەی بە پێشێلکاریی دەستووری ناوهێناوە و رەتیکردووەتەوە.
هەروەها لە بڕیاری ژمارە 25/فیدراڵی/2012ـی دادگەش ئاماژە بۆ ئەو گۆڕانکارییانە کراوە هەندێک گۆڕانکاریی بە پێچەوانەی مادەی 78 و بڕگەکانی یەکەم و سێیەمی مادەی 80ـی دەستوورە و پێشێلکاریی مادەی 47ـی دەستوورە کە باس لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەکات، کردووە.
لە بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی بەشێک لەو گۆڕانکارییانەی پێشتر لەلایەن پەرلەمان کراون و رەتکراونەتەوە پێچەوانەبوونیان لەگەڵ دەستووری عێراق و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و بڕیاری پێشتری خۆی هەژمارکردووە. دیاترینیان پەیوەندیی بە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە وەکو مادەی 47ـی دەستوور ئاماژەی بۆ کردووە، هەروەها مادەی 62ـی دەستوور کە رێگەی بە ئەنجوومەنی نوێنەران داوە سێ دەستکاریی رەشنووسی بودجە بکات، ئەوەیش گواستنەوە، پێشنیازکردنی زیادکردن و کەمکردنەوەی بودجە؛ لە یەکێک لە بڕیارەکانی بە راشکاوی دەڵێت، "ئەنجوومەنی نوێنەران مافی ئەوەی نییە گۆڕانکاری جەوهەری لەسەر رەشنووسی بودجەی پێشکێشکراو لەلایەن حکومەتەوە بکات.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بڕیاری ژمارە 21/فیدراڵی/راگەیاندن/2015 و هاوتاکانی 29/فیدراڵی/راگەیاندن/2015یە. لەو بڕیارە دیاریکردووە نابێت ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەستکاریکردنی رەشنووسی بودجە ئەو پابەندنەبوونی داراییەی لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنە زیادبکات، بەبێ راوێژ لەگەڵیدا، ئەگەر لە پلان و بودجەی دارایی نەبووبێت، هەروەها دەڵێت نابێت گۆڕانکارییەکان لەگەڵ کارنامەی وەزاری دژیەک بێت کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسندکراوە، سێیەم خاڵیش کە نابێت پەرلەمان بیکات ئەوەیە بەلای دەسەڵاتەکانی دادوەری بڕوات بەبێ راوێژ لەگەڵیدا.
لە مادەی 62ـی دەستووری عێراق هاتووە: "ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانێت گواستنەوە لەنێوان دەروازە و بەشەکانی بودجەی گشتی بکات، بڕەکەی کەمبکاتەوە، دەتوانێت دوای ئەوەی پێشنیازی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکات بڕی پارەکەی زیادبکات.
رۆژی 25ى ئایارى 2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق چەند گۆڕانکارییەکى لە مادەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان کرد کە لە پڕۆژەیاساى بودجەدا هەن، ئەوەش کاردانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدوادا هات.
گۆڕانکارییەکان پەیوەندییان بە نەوتی کوردستان و نەوتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە و ژمارەیەک بابەتی دیکەی وەکو دانەوەی رێژەی 10٪ـی پاشەکەوتی مووچە و خاڵی دیکە کە هەرێمی کوردستان پێیوایە، بەبێ ئاگاداری کراون.
وەڵام بدەوه