گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، کەشی کۆبوونەوەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان "پۆزەتیڤە و کۆبوونەوەکان "راشکاوانەن،" رەنگە ئەمڕۆ یان سبەی رێککەوتنەکە ئاشکرا بکەن.
ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە 02-04-2023 باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان وتی، کەشوهەوای کۆبوونەوەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوت پۆزەتیڤ و باشە، چاوەڕوانین ئەمڕۆ یان سبەی رێککەوتن بکرێت و رابگەیێندرێت.
سەبارەت بە وردەکاریی رێککەوتنەکە و کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان روونیکردەوە، "هێشتا وتووێژەکان لەنێوان هەردوولا بەردەوامە، وا باشترە تاوەکو راگەیاندنی رێککەوتنەکە هیچ شتێکی لەبارەوە نەڵێین.
دەربارەی پرسی بودجەی گشتیی عێراق کە ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەشنووسەکەی رەوانەی لیژنەی دارایی کرد، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی، "چاوەڕوان دەکەین لە ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان، ئومێد دەکەین بۆ رەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی لە ماوەیەکی کەمدا پەسند بکرێت."
نەبیل مەرسوومی، شارەزای نەوتیی عێراق لەبارەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند رایگەیاندووە، هەردوولا لەسەر شەش خاڵ رێککەوتوون، ئەوەی ئەو پسپۆڕە کە لە پرسی نەوت و گازیش شارەزایی هەیە سەبارەت بە خاڵەکان ئاشکرای دەکات:
یەکەم: فرۆشرنی نەوتی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە بێت.
دووەم: لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەت بۆ چاودێریکردنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان پێکبهێندرێت.
سێیەم: داهاتەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بخرێتە هەژمارێکی بانکیی تایبەت وەکو ئەوەی لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023دا هاتووە، هەژمارەکە لەژێر چاودێریی حکومەتی ناوەندیدا دەبێت و هەرێمی کوردستان لێی خەرج دەکات.
چوارەم: دەبێت هەرێمی کوردستان سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکان کۆتایی پێبهێنێت.
پێنجەم: پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەدرێتە کورد.
شەشە: لە ماوەی دوو رۆژدا هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
ئەو خاڵانە لەلایەن حکومەتی ناوەندی یان هەرێمی کوردستان پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە 02-04-2023، کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق - سۆمۆ بە ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن و "لەسەر چەندین خاڵ رێککەوتووین." لە نزیکترین کاتدا، وەکو کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق دەڵێت، رێککەوتنەکە رادەگەیێنن.
وەڵام بدەوه