عێراقییەکان هاتنە دەنگ، داوای هەڵوەشاندنەوەی بریارێک دەکەن. کۆمەڵەی بازرگانانی عێراق، ئاشكرای دەكات، زیادکردنی باجی گومرگی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاووڵاتیانی عێراق هەبووە، بەتایبەت ئەوانەی داهاتیان کەمە. داواش لە دادگای فیدراڵی دەكات بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە.
کۆمەڵەی بازرگانانی عێراق لە راگەیاندراوێكدا كە بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە، داوا دەكات بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی هەڵبوەشێندرێتەوە.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە: "دەسەڵاتی دادوەری دەبێت دادپەروەری بۆ ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدی بهێنێت، ئەو داوایەی کە ئەندامانی پەرلەمان سەبارەت بە بڕیاری ژمارە 957ی ساڵی 2025ی حکوومەتی عێراق تۆماریان كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی پشتیری بكات و بڕیارەكە هەڵبوەشێتەوە."
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێناسی نوێی گومرگی بە رێژەی 5% بۆ 30% لەسەر کاڵاکان زیاد کردووە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
كۆمەڵەكە جەخت دەكەنەوە: "زیادکردنی باجی گومرگی و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاووڵاتیانی عێراق هەبووە، بەتایبەت ئەوانەی داهاتیان کەمە."
ئەوەشیان خستووەتە ڕوو: "بڕیارەكە کاردانەوەی نەرێنی و خراپی لەسەر ئابووری و بازرگانی هەبووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵاکان، بۆیە دەبێت دادگا کە گەرەنتی پاراستنی مافی هاووڵاتیان و سەقامگیری بازاڕەکان دەکات، بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە."
دوێنێ دانیشتوانی بەغدا و چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و باشوور لەگەڵ دیمەنی بازاڕ و دوکانە داخراوەکاندا بەخەبەر هاتن، ئەمەش دوای ئەوەی بازرگانان مانگرتنی گشتییان دژی بەرزکردنەوەی باجی گومرگی ڕاگەیاند و خۆپیشاندانیش دەستیپێكرد.
سالم محەمەد کە بازرگانێکی عێراقییە، ڕایگەیاند: "بڕی باجە نوێیەکە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان دروست کردووە و ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر توانای کڕینی هاووڵاتییانیش داناوە."
هۆشدارییشی داوە: "بەردەوامبوونی ئەم بڕیارە، دەبێتە هۆی وەستانێکی گەورەی ئابووری و داخستنی زیاتری دوکانەکان، هەروەها هەڕەشەی توندترکردنی ناڕەزاییەکانی کرد ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت."
بەپێی نووسراوێکی فەرمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاراستەی سەرۆک وەزیران کراوە، داوا کراوە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 957ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ماوەی 90 رۆژ رابگیرێت.


وەڵام بدەوه