چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، لە ئەگەری کەوتنی تەواوەتیی پارێزگای دێرەزوور بەدەست گرووپە چەکدارە سوننەکان و پاشماوەکانی داعش لە سووریا، ئەوە تەنیا گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی سووریا نییە، بەڵکوو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە جوگرافیای سیاسی و ئەمنیی ناوچەکەدا کە ڕاستەوخۆ دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر قووڵایی خاکی عێراق، چونكە لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکییەوە، دێرەزوور وەک (کۆریدۆری گەیاندن)، یان بە زمانێكی ئاسانتر، وەك پەردەی پارێزەر وایە بۆ سنوورەکانی ڕۆژئاوای عێراق.
چاودێران دەڵێن “نەمانی کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەو ناوچەیە، بە واتای نەمانی ئەو قەڵغانە مرۆیی و سەربازییە دێت کە ساڵانێکە ڕێگری لە لێشاوی تیرۆریستان دەکات بەرەو پارێزگای ئەنبار. ئەم دۆخە نوێیە وادەکات کە بیابانی فراوانی نێوان هەردوو وڵات ببێتەوە بە مەیدانێکی کراوە بۆ دزەکردنی شانە چەکدارەکان و قاچاخیکردن بە چەک، ئەمەش بارگرانییەکی ئەمنی و سەربازیی گەورە دەخاتە سەر شانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.”
لە لایەکی دیکەوە، ئەم وەرچەرخانە دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ و مەترسیدار لەسەر هێڵی سنووریی (قائیم – حوسەیبە) كە لە ئێستا ئەم دیوەی سنوور لەژێر کۆنترۆڵی توندی هێزەکانی حەشدی شەعبیدایە، جێگیربوونی گرووپە چەکدارە سوننە دژبەرەکان لە دیوەکەی دیكەی سنوور، ئەگەری پێکدادانی ئایدۆلۆژی و سەربازی لەنێوان ئەو دوو جەمسەرەدا بەهێز دەکات.
بەبڕوای شارەزایان، ئەم جۆرە لە دراوسێیەتیی دوژمنکارانە دەکرێت ناوچەکە بکاتە مەیدانی جەنگێکی درێژخایەن کە تێیدا نەک تەنیا هێرشی زەمینی، بەڵکوو بەکارهێنانی درۆن و مووشەکی دوورهاوێژیش ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ژێرخانی وزە و سەقامگیریی شارەکانی ڕۆژئاوای عێراق. لە ئەنجامدا، کەوتنی دێرەزوور دەتوانێت جارێکی دیكە هاوسەنگییە ئەمنییەکان تێک بدات و عێراق ناچار بکات تێچوویەکی زۆری مرۆیی و دارایی بۆ پاراستنی سەروەریی خاکەکەی خەرج بکاتەوە.


وەڵام بدەوه