ئاژانسی (شەفەقنیوز) بڵاوی كردووەتەوە، سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار ئاشکرای کردووە هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە دەرکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، لەوانەش حەشدی شەعبی و كۆمپانیاكان بەردەوامە، بەڵام بەمزووانە سزاكان ڕادەگەیەندرێن
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە:"ڕەنگە بەم نزیکانە سزاکانی ئەمریکا دەربکرێن و لیستی ناوی ئەو کەسایەتییە سیاسییانە لەخۆ دەگرێت کە گرووپی چەکدارییان هەیە."
ڕوونیشی کردەوە: "لیستەکە زیاتر لە دە ناو لەخۆ دەگرێت، کە هەندێکیان سەرکردەی حەشدی شەعبین و هەندێکی دیکەشیان ناسراون و هاوبەشییان لەگەڵ هێزە سیاسییە گرنگەکاندا هەیە، ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی جوڵەی پارەیە لە عێراق و سنووردارکردن و لاوازکردنی ئەوەی ئیدارەی ئەمەریکا پێی دەڵێت هەژموونی ئێران و ڕاگرتنی دابینکردنی دراوە بۆ تاران."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "سێ کۆمپانیای دارایی و سێ کۆمپانیای گواستنەوە هەن، کە هەموویان لە چوارچێوەی كەرتی نەوتی عێراقی کار دەکەن، لە لیستی ڕەشدا دەبن، بە مەبەستی فشار و ڕاگرتنی قاچاخی دراو و نەوت بۆ ئێران."
ئەمە لە كاتێكدایە ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، حکومەتی عێراق ئاگادارییەکی فەرمیی پێگەیشتووە کە سزاکانی ئەمریکا بەسەر پێنج بانکی نوێی عێراقدا سەپێندراوە، بەهۆی تێوەگلانیان لە گواستنەوەی پارەی نایاسایی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.
هاوكات عێراق ڕاپۆرتێکیشی پێگەیشتووە کە بڕیارێکی ئەمریکی دەرچووە بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سەرجەم کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە دەرەوەی وڵات، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە بەقاچاخبردنی دراو بۆ دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی ئەو کارتانەوە، دوای ئەوەی جوڵەی دارایی گوماناوی لەلایەن تیمە ئەمریکییەکەی تایبەت بە چاودێریکردنی جموجۆڵە داراییەکانی ناوخۆی عێراق چاودێری دەکرا.
چاودێران پێیان وایە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت، کە یەکێکە لە دەروازە ئابوورییە گرنگەکان بۆ ئێران، دواهەمین ئەو سزایانە هەڵوەشاندنەوەی ئەو لێخۆشبوونەیە لە لایەن ترەمپەوە کە بە عێراق دراوە بۆ هاوردەکردنی کارەبا و گاز لە ئێرانەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی بڕیاری نوێی سزاکانی سەر تارانە.
وەڵام بدەوه