سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕای گەیاند، محەمەد حەلبووسی داوای یاخیبوونی مەدەنیی كردووە و كارە فەرمییەكانی پەكخستووە، پێویستە لێپرسینەوەی لێ بكرێت. دەشڵێت، چۆن ئەبو محەمەد جۆلانی ببینم لە كاتێكدا دەزانم چیی بەسەر عێراقییەكاندا هێناوە.
نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەبارەی داواكارییەكی بۆ لێپرسینەوە لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بەمجۆرە بۆ میدیا عێراقییەكان دواوە.
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕای گەیاند، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم، داوای یاخیبوونی مەدەنیی كردووە و كارە فەرمییەكانی پەكخستووە، پێویستە لێپرسینەوەی لێ بكرێت.
گوتیشی، داواكارم لێپرسینەوە لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقدوم و ئەو پارێزگارانە بكرێت كە لە ناڕەزایەتییەكدا بەرانبەر بە ڕاگرتنی یاسای لێبوردنی گشتی، كارە فەرمییەكانیان پەكخست و یاخیبوونی مەدەنییان ئەنجام دا.
نووری مالیكی ئەوەشی گوتووە، حەلبووسی لە سەرووی یاساوە نییە، دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت لەسەر ئەوەی چۆن بەم شێوەیە قسەی كردووە بۆ ئەنجامدانی یاخیبوون.
لەبارەی سەردانیكردنی ئەبو محەمەد جۆلانی سەرۆكی تەحریر شام بۆ عێراق رای گەیاند، دیداری لەگەڵ ئەنجام نادەم، چۆن دیداری لەگەڵ بكەم، لە كاتێكدا دەزانم چیی بەسەر عێراق و عێراقییەكاندا هێناوە لە كوشتن و سەربڕین و وێرانكردن.
ئەوەشی خستەڕوو، حكوومەتی عێراق ناچارە سووریا بانگهێشت بكات، پابەند كراوە بەوەی تەواوی وڵاتانی عەرەبی بانگهێشت بكات.
ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر عەلی توركی پەرلەمانتاری عێراق لە عەسائیبی ئەهلی حەق ڕای گەیاندبوو، بەهیچ شێوازێك ڕێگە نادەین جۆلانی و وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی عێراق بكەن.
هەر ئەمڕۆش میدیاكان بڵاویان كردەوە كە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ عێراق هەڵوەشاوەتەوە.


وەڵام بدەوه