ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی سادقون باڵی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایدەگەیێنێت ئەوان ڕێگە بە هاتنی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر بۆ بەغدا نادەن و ڕێگە بە حکومەتیش نادەن پانگهێشتی بکات.
بڕیارە لە کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوە بچێت، بە گوتەی وەزیری دەرەوەی عێراقیش بانگهێشتی تەواوی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی دەکەن، لەنێویشیاندا ئەحمەد شەرع.
عەلی تورکی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی سادقون، لە دیدارێکیدا لەگەڵ میدیای عێراق ڕایگەیاند: قبووڵ ناکەین و ڕێگەش نادەین بە کەسانی وەک جۆلانی و کەسانێک بە نوێنەرایەتی جۆلانی بێت و بەشداری لە لوتکەی عەرەبی بکات. ئێمە وەکو ئەنجوومەنی نوێنەران ڕۆڵمان هەیە و داوا دەکەین و حکومەتی عێراق ناچار دەکەین بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ لایەنی سووری نەکات بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا. لوتکەی وڵاتانی عەرەبی، کۆبوونەوەی 22 وڵاتی زۆرینە عەرەبی زمانە و ساڵانە لەسەر ئاستی سەرۆککۆمار و پادشای وڵاتان بەڕێوەدەچێت، تێیدا دیارترین ئەو ئاستەنگ و دەرفەتە هاوبەشانەی ڕووبەڕووی ئەو وڵاتانە دەبێتەوە تاوتوێ دەکرێن، بڕیاریشە مانگی ئایاری ئەمساڵ لوتکەکە لە بەغدا بەڕێوەبچێت. پێشتر عامر فەیاز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو، "بەرپرسانی عێراق بەنیاز نەبوون ئەحمەد شەرع بانگهێشتی بەغدا بکەن بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی، بەڵام دوای کرانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕوویدا، ناچارن بانگهێشتی بکەن و وەک سەرۆکی نوێی سووریا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن."
وەڵام بدەوه