وەك بریاری دا و چاوەڕوان دەكرا، ئەمڕۆ لە یەكەم رۆژی سەری ساڵی نوێ بانكی ناوەندیی عێراق كاركردنی بە میكانیزمەكانی سەكۆی ئەلیكترۆنیی فرۆشتنی دۆلار بۆ حەوالەی دەرەكی راگرت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت نرخی دۆلار بەشێوەیەكی كاتی هەڵبەز و دابەزین بكات.
لەوبارەوە عەمار خەلەف جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی رای گەیاند، كاركردن بە میكانیزمەكانی سەكۆی ئەلیكترۆنیی حەواڵەی دەرەكیی دۆلار وەستا، بەڵام دابینكردنی دۆلار بۆ بازرگانیی دەرەكی لە رێگەی بانكەكانەوە بەردەوامە، لە رێگەی چەند میكانیزمێكی جیاواز بە هاوشێوەی لە وڵاتانی دنیا كاری پێ دەكرێت.
روونی كردەوە، هەروەها پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فرَۆكەخانەكان بەپێی میكانیزمە پێڕەوكراوەكان بەردەوامە، كە مسۆگەری گەیشتنی دۆلار بە گەشتیاران دەكات.
بانكی ناوەندی سەبارەت بە بابەتی حەواڵەی دەرەكیی دۆلار لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، دەستكەوتێكی گەوەر لە بواری حەواڵەی دەرەكی دۆلار بەدەست هاتووە، ئەو بابەتە بۆ لەمەودوا بە شێوازی هاوچەرخ لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی سیاسیەتی نەختێنە لە عێراق بەڕێوە دەچێت.
بەپێی بەیاننامەكە، بانكی ناوەندی توانی لە پابەندبوون بە بەرنامەكەی پێوەست بە گۆڕان لە حەواڵەی دەرەكی لە رێگەی سەكۆی ئەلیكترۆنییەوە بۆ پێوەندیی بانكە عێراقییەكان بە بانكەكانی دەرەوە سەركەوتوو بێت، ئەو گۆڕانكارییەش بە چەند قۆناغێكەوە بوو، هەر لە پەنجەرەی كڕین و فرۆشتنی دۆلار تا قۆناغی سەكۆی ئەلیكترۆنیی بۆ حەواڵەی دەرەكییەوە.
وەڵام بدەوه