ب راوێژكاری سیاسیی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، ئێمە وەك حكوومەتی عێراق هیچ كێشەیەك نابینین لەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە دابەش بكرێت و هاوكات گوتیشی كە هیچ جیاوازییەك لە نێوان "تەوتین"ی عێراق و "هەژماری من" نییە بۆ بەبانکیكردنی مووچە.
ئەمشەو سێشەم 12ی نۆڤێمبەری 2024، سەبهان مەلا جیاد راوێژكاری سیاسیی محەمەد شیاع سوودانی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رای گەیاند، بەشێوەیەكی گشتی هیچ كێشەیەك لە بەردەم دابەشكردنی مووچە نییە لەوەی هەرێم لە رێگەی "هەژماری من" دابەشی بكات، بە تایبەت لەو كاتەیدا كە هەرێمی كوردستان ویستی بۆ ئەوە هەبێت و لەژێر چەتری دەستوور كاری بۆ كردبێت و لەگەڵ یاسای بودجە گونجاو بێت.
مەلا جیاد لەبارەی جیاوازی نێوان بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران لە چوارچێوەی هەژماری من و "تەوتین"ەوە لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەكەی "رووداو"دا ئەوەی گووت كە هیچ جیاوازییەك لە نێوانیاندا نییە، بەبانكیكردن لە بانكەكانەوە دەكرێت و بانكەكانیش لایەنی پیشەیی و هونەریی پێوەندارن، بۆیە هەر بانكێكی عێراقی تەنانەت نێودەوڵەتیش بێت بە دڵنیاییەوە پێوەندییان بەلایەنی هونەریی و پیشەییەوە دەبێت، بۆیە دەكرێت بەبانكیكردن لە هەر بانكێك بكرێت، ئەمە بۆ جۆری هەژمارەكە و چۆنیەتی كۆنترۆڵكردنی دەگەڕێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەم قسانەی ئەمشەوی راوێژكاری سوودانی دوای ئەوە دێت كە لە چەند رۆژی رابردوودا بانكی بازرگانیی عێراق رێكەوتنی بانكەكەی لەگەڵ پڕۆژەی هەژماری من و حكوومەتی هەرێم راگەیاند و لە یەكەم كۆبوونەوەیشی لەگەڵ تیمی هەژماری مندا بڕیار درا كە دوو لقی نوێ لە هەولێر و سلێمانی بكاتەوە و ئامێرەكانی راكێشانی پارەیش تایبەت بە TBI لە كابینەكانی هەژماری من جێگیر بكرێت.
وەڵام بدەوه