ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری مادەی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسندکرد و 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارە دراوە کە لە سێ بڕگە پێکدێت.
بڕگەی یەکەم باس لەوە دەکات کە وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق - سۆمۆ بکات، یان رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکات.
لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، کە شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادەپەروەرانە دیاری بکرێن لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
بڕیارەکە ماوەی 60 رۆژی دیاریکردووە لەگەڵ دامەزراوەیەکدا رێککەوتن بکرێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا لەسەر دامەزراوەکە نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەوا حکومەتی فیدراڵ تاکلایەنە دامەزراوەیەک وەک نێوەندگیر و لایەنی سێیەم دیاری دەکات.
بڕگەی دووەمی پێشنیازەکە، باس لەوە دەکات کە لایەنە نێودەوڵەتییەکە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دەخەمڵێنێت و رادەستی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی دەکات.
بەشێکی دیکەی پێشنیازی هەموارکردنەکە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە 16 دۆلاری بۆ دیاریکراوە و ئەگەر پەسندکرا ئەوا وەزارەتی دارایی فیدراڵی راستەوخۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە 25-3-2023ەوە راگیراوە و تاوەکو ئێستا عێراق و تورکیا ئەوەیان راگەیاندووە کە لارییان نییە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کێشەیان هەبوو لە کەمیی ئەو نرخەی بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک دانرابوو.
وەڵام بدەوه