KurdistanPress...

CLOSE

پزیشکان بۆچی ھاتە عێراق؟

دوێنێ مەسعوود پزیشكیان، سەرۆكی ئێران لە یەكەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی لەوەتەی دەستبەكاربوونی گەیشتە بەغدا و چاوی بە تەواوی بەرپرسانی باڵای حكوومەت و سیاسی و ئاینی و كۆمەڵایەتی عێراق كەوت، دوای بەغدا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، شارەزایان پێیان وایە سەردانەكە زیاتر رەهەندی ئابووری و بازرگانی و تەناهی بەسەریدا زاڵ بوو.

لەو سەردانەی پزیشكیان جیا لەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق كۆبووەوە، چاوی بە هێزە سیاسییە شیعەكان و میلیشیاكانیان كەوت، لەگەڵ بەرپرسانی ئابووری و بازرگانیی عێراق كۆبووتەوە، جیا لەوە سەرپەرشتیی واژووكردنی ژمارەیەك یاداشتی لێكگەیشتنی كرد، بە گشتی سەدرانەكەی سەرنجی خستە سەر چەند خاڵێكی گرنگ، لەوانە هاریكاریی تەناهی و ئابووری و بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان. 

پزیشكیان لە تەلاری باڵوێزخانی وڵاتەكەی لە بەغدا و لە میانی دیداری لەگەڵ كارساز و چالاكانی ئابووریی ئێران كە لە عێراقن گوتی، هاتووین بۆ ئاسانكردنی كاری كارساز و وەبەرهێنەرانی ئێران لە عێراق، دەكرێ لە رێگەی هاریكارییەوە كێشە و بەربەستەكانی چارەسەر بكەین تا كاری بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵات زیاتر بێت، كە پێویستە هەردوو وڵات لێی سوومەند بن.     

پزیشكیان رای گەیاند كە پێویستە تیمێكی كاری تایبەت و پلانێكی درێژخایەن بۆ نەهێشتنی بەربەستەكان و پەرەپێدانی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو وڵات هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆیەكی ئەرێنیمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە.

لای خۆیەوە محەمەد كازم ئال سادق، باڵوێزی ئێران لە بەغدا گوتی، عێراق هاوبەشێكی گرنگی بازرگانییە بۆ ئێران و قەبارەی ئاڵوگۆڕی ساڵانەی بازرگانی لە نێوانیان 12 ملیار دۆلارە، لەوانە هەناردنی نەوتی ئێران بۆ عێراق 20%ی ئەم ژمارەیە پێكدێنێت، عێراق بواری باشی وەبەرهێنانی تیادایە و پێویستە كارسازانی ئێران وەبەرهێنانی تیادا بكەن.

لای خۆیەوە سەمەد حەسنزادە، سەرۆكی ژوری بازرگانیی ئێران گوتی، هەلەكانی وەبەرهێنان لە عێراق زۆر لە قەبارەی هەناردەكردنی ئێران بۆ عێراق زیاترە، ئێستە ئاستی ئاڵوگۆڕیی ساڵانەی بازرگانی 12 ملیار دۆلارە، دەكرێ تا ئاستی 20 ملیار دۆلار بەرز بكرێتەوە.

لای خۆیەوە هەیسەم خەزعەلی، توێژەری سیاسی و ئابووری دەڵێت، سەردانەكەی پزیشكیان گرنگییەكی گەورەی هەبوو، بەهۆی وابەندیی جوگرافی و مێژوویی هەردوو وڵات و بوونی سنوورێكی دوورودرێژی هاوبەش و وابەندییە ئابووری و كولتووری و كۆمەڵایەتی و ئاینی لە نێوانیان، جیا لە قووڵایی ستراتیجی كە كار لە ئاسایشی نەتەوەیی هەردوو وڵات دەكات.  

روونی كردەوە، لە رووی ئابوورییەوە هەردوو وڵات بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، كە ئەوە رەهەندی سەرەكیی سەردانەكە بوو، ئێران خواستی هەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕیی ساڵانەی بازرگانیی لەگەڵ عێراق لە 10 ملیار دۆلارەوە بۆ 50 ملیار دۆلار لەسەر ئاستێكی درێژخایەن بەرز بكاتەوە، جیا لە هاوبەشیی ئابووری جیاواز لە دامەزراندنی شاری پیشەسازی و لە رێگەی پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدانەوە.  

خەزعەلی دووپاتی كردەوە، سەردانی پزیشكیان بۆ بەغدا و هەولێر و نەجەف و كەربەلا و بەسرە، چەند پەیامێكیان هەیە، لەوانە ئێران پێوەندیی لەگەڵ تەواوی پێكهاتەكانی گەلی عێراق هەیە و خاوەنی دۆسیەی ئابووری و تەناهییە لە تەواوی شارەكان، بۆیەش سەردانەكە چەند شارێكی گرتەوە و لە بەغدا لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییە سەرەكییەكان كۆبوونەوە كرا. 

لای خۆیەوە رووح ئاهاق لەتیفی، گوتەبێژ بە ناوی لیژنەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پەرەپێدانی بازرگانیی ماڵی پیشەسازی و كانەكان و بازرگانیی ئێران گوتی، هەناردنی نانەوتیی ئێران بۆ عێراق لە ماوەی 20 ساڵ 71 هێند زیادی كردووە، قەبارەی هەناردنی نانەوتی ئێران بۆ عێراق لە 2004 لە ئاستی 145 ملیۆن دۆلار بوو و لە 2023 گەیشتووەتە 10 ملیار و 238 ملیۆن دۆلار.

روونی كردەوە، عێراق شوێن و پێگەیەكی تایبەت لە پێوەندییەكانی كولتووری و ئاینی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ ئێران هەیە، دووەم بازاڕی هەناردەكراوە نانەوتییەكانە بۆ ئێران و یەكەم رووگەی سەردانیكارانی ئێرانییە، كە سەردانی شوێنە پیرۆزە ئاینییەكان دەكەن.

دووپاتی كردەوە، بوونی سنوورێكی هاوبەشی دوورودرێژ كە دەكاتە 1500 كیلۆمەتر و بوونی چەندان خاڵی هاوبەش، وایان كردووە ئێران ببێتە یەكێك لە گرنگترین وڵاتانی هەناردەكار بۆ عێراق، عێراق 20%ی كۆی هەناردەی ئێران هاوردە دەكات، 30%ی بەرهەم كشتوكاڵی و خۆراكییەكانی ئێران هەناردەی عێراق دەكرێت، جیا لە 60%ی هەناردەی ئێران و سیرامیك و كاڵای وەك جانتا و پیڵاو و كەلوپەلی ماڵ و چێشتخانە و كەرەستە پێویستەكانی پیشەسازیی ئێرانی بۆ عێراق دەچێت. 

شارەزایان پێیان وایە جیا لە رووە شاراوەكانی پێوەندی و هاریكاریی ئێران و عێراق، ئێران هەوڵ دەدات لە رێگەی ئامرازەكانییەوە بە تەواوەتی دەست بەسەر كەرتە جیاوازەكانی ئابووریی عێراقدا بگرێت، جیا لە بواری تەناهییەوە، بیكاتە بازاڕێك بۆ كاڵاكانی و دەروازەیەك بۆ زاڵبوون و شكاندی سزاكانی سەری، كە لەلایەن ئەمەریكاوە بەسەریدا سەپێنراون.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه