هەینی رابردوو ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی راپۆرتێكی سەبارەت بە رێككەوتنی گریمانكراوی عێراق و ئەمەریكا لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە و كۆتهێنانی بە ئەركی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق بڵاو كردەوە، لەوكاتەی راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت رێككەوتن لەو بارەوە كراوە، شارەزایەك دەڵێت ئەوەی بڵاو كراوەتەوە مانۆرە.
سەبهان مولا جیاد، راوێژكاری سیاسیی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، لێدوانی دوێنێی سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆی لیژنە سەربازییە هاوبەشەكانی عێراق و ئەمەریكا پێوەست بە كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا روون و ئاشكرایە، واشنتن لە هەڵوێستی عێراق تێدەگات و رێككەوتن كراوە كە خشتەیەكی كاتی بۆ چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق هەبێت و تا 2026 كۆتایی بێت.
روونی كردەوە، رێككەوتن كراوە، بەڵام نەبووەتە بەیاننامەی هاوبەش و چاوەڕوانی واژووی كۆتایی سەركردایەتیی سیاسی دەكات، لیژنەی باڵای هاوبەشی سەربازی پێوەست بەو بابەتە ئەنجامەكانی بۆ لایەنە سیاسییەكانی هەردوو وڵات رەوانە كردووە و چاوەڕوانی واژووی ئەوانن.
وەك ئەوەی "رۆیتەرز" بڵاو كردەوە، رێككەوتن كراوە بەشێكی هێزی هاوپەیمانان ئەمەریكا تا ئەیلوولی 2025 لە عێراق پاشەكشە بكەن، ئەوانیتریش تا كۆتایی 2026، ئەوەش ئەگەر سەر بگرێت دەبێتە سەركەوتنێكی سیاسی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، موجاشیع تەمیمی، توێژەری سیاسی دەڵێت، راپۆرتەكانی باسی كۆتاهاتنی ئەركی هاوپەیمانان و هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكەن، لەوانە راپۆرتەكەی دوایی "رۆیتەرز"، مانۆرێكی نوێی ئەمەریكایە كە لەو قۆناغە سەختەدا بڵاو كرایەوە، دڵنیایی بە میلیشیاكان دەدات كە داوای چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكەن.
روونی كردەوە، زانیارییەكان باسی ئەوە دەكەن كە ئەو هێزانە لە كۆتایی 2026 بە تەواوەتی دەكشێنەوە، ئەوەش ماوەیەكی دوورودرێژە و رەنگە كشانەوەكەش پێوەست بێتە بە سەرۆكی نوێی ئەمەریكاوە، لەوانە ئەگەر دۆناڵد تڕەمپ بیباتەوە، ئەو بە گۆڕینی هەڵوێستەكانی و پابەند نەبوون بە رێككەوتنەكان ناسراوە، بۆیە ئەو بابەتە تا ئێستە لە قۆناغی سەرەتاییدایە و پێویستی بە كات هەیە.


وەڵام بدەوه