لەوكاتەی كێبەركێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمەریكا گەرمە و بەرەو هەڵبژاردن لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەچین، دیموكراتەكان بەدەست كێشەیەكی گەورەوە دەناڵێنن، كاتێك جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا و كاندیدی حزبەكە بەهۆی رووبەرووبوونەوەكەی دوایی لەگەڵ ترەمپ و رووداوی تەقەكردنی شەمووی رابردوو و تێكچوونی تەندروستیی بایدن، وایان كردووە ئەگەری بردنەوەی كۆمارییەكان زیاتر ببێت، بەڵام ترەمپ و حزبەكەی چۆن مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكەن؟
بەدەر لە پێشبینیی شارەزا و پسپۆڕانی سیاسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ترەمپ بۆچوون و پلانی خۆی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی عێراق هەیە، ئەو دوو خاڵ و ئامانجی سەرەكیی هەیە، كەمكردنەوەی دەسترۆیشتوویی ئێران و بەهێزكردنی هێزی ئەمەریكا لە عێراق.
روونی كردەوە، دوای بردنەوەی ترەمپ هەڕەشەكانی دژی ئێران دووبارە و زیاتر دەكات، لە رێگەی وەڵامدانەوەی زۆر توند ئەگەر میلیشیاكانی هێرش بكەنە سەر بەرژەوەندی و هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە، ئەو لەسەر بنەمای چەند خاڵێكەوە پلان و بۆچوون و بڕیارەكانی خۆی لە عێراق یەكلا دەكاتەوە، ئەوانیش سنوورداركردن و لاوازكردنی رۆڵ و دەسترۆیشتوویی ئێران و بەهێزكردن و زیادكردنی بوونی سەربازیی ئەمەریكا لە عێراق و پاراستنی سەربازانی لە هێرشەكان، جیا لە سەپاندنی ئازادی زیاتری جموجۆڵی هێزەكانی ئەو وڵاتە بەسەر حكوومەتی عێراق، ئەگەری ئەوەش هەیە هێزی زیاتری سەربازی رەوانەی عێراق بكات و بۆ ئەوە كار بكات حكوومەتێكی دۆست و هاوپەیمانی خۆی لە بەغدا دامەزرێنێت.
لای خۆیەوە سەفا حوسێن، مامۆستای زانستە سیاسییەكان بۆچوونێكی تری هەیە و دەڵێت، ئێستە چانسی ترەمپ بۆ بردنەوە بەرزە و تەنانەت حزبی دیموكراتیش ددان بەوەدا دەنێت و راپرسییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن، ترەمپ وەك سەرۆك كۆمپانیایەكی بازرگانی مامەڵە لەگەڵ پرسەكان دەكا و بڕیارەكانی لەسەر بنەمای قازانج و زەرەر دەدات، بەپێچەوانەی دیموكراتەكان كە گرنگی بە بنیاتنانی بەرژەوەندییە بازرگانییەكان دەدەن.
ئاماژەی كرد، ترەمپ و كۆمارییەكان درك بەوە دەكەن كە دنیا گۆڕاوە و چەمسەری تری هێز دروست بووە وەك بەرەی چین و رووسیا، ئەوەش وا دەخوازێت نەرمی لە بواری سیاسی و تەناهی لە عێراق بنوێنن و بەپێی بەرژەوەندییەكانیان هاوپەیمانی تر دروست بكەن، بۆیە پێشبینی ناكرێت رووبەڕووی ئێران و میلیشیاكانی ببێتەوە و شەڕیان لە دژی هەڵبگیرسێنێت.


وەڵام بدەوه