عێراق، چاوى لە کوژاندنەوەى ئاگرى گازى هاوەڵى کێڵگە نەوتییەکانییەتی و زۆربەى پڕۆژەکانیشی بۆ بەرهەمهێنانى گاز بەو ئاراستەیەن.
ئەو هەنگاوە تەنیا پاڵنەرى خۆویستانە نییە بۆ عێراق، بەڵکو پابەندییەکانى بە بڕیارى کەمکردنەوەى بڕیارى بەرهەمهێنانى ئۆپێک پڵەس، ناچاری کردووە ئەو کارە بکات.
نزیکترین پڕۆژەى چارەسەرکردنى گازى هاوەڵى کێڵگە نەوتییەکان پڕۆژەیەکە لە کێڵگەى حەلفایە لە میسان کە توانای هەیە رۆژانە 300 ملیۆن پێ سێجار گاز بەرهەمبێنێت.
حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق دەڵێت، گەیشتوونەتە قۆناخەکانى کۆتایی کارکردنى ئەزموونیى ئەو پڕۆژەیە و لە دوو بۆ سێ مانگى داهاتوودا دەکەوێتەکار و گازەکەى بەکاردەهێندرێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا.
گازى هاوەڵ لەگەڵ نەوتى کێڵگەکان دێتەدەرەوە و دەسووتێت، ساڵانە لە کێڵگەکانى نەوت لە عێراق نزیکەى سێ ملیار پێ سێجار گازى هاوەڵ دەردەکرێت، کە 1.5 ملیار پێ سێجاى لێ بەرهەم دەهێندرێت و ئەوى دیکەى لە رێگەى سووتانییەوە بەفیڕۆدەچێت.
ئاسۆ فەرەیدوون، ئەندامى لیژنەى نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانى عێراق راگەیاند، "عێراق بۆ زیادکردنى داهات، دەستى بۆ بەرهەمهێنانى گاز بردووە، ئەوە جگە لەوەى پابەندبوونەکانیشى جێبەجێ دەکات بۆ رێگرى لە پیسبوونى ژینگە، ئەوەش لە رێگەى هەنگاوەکانى کەمکردنەوەى سووتانى گازى هاوەڵەوە."
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى نەوتى عێراق، بڕى گازى بەرهەمهێنراوى رۆژانە دەگاتە سێ ملیار و 200 ملیۆن پێ سێجا. عێراق بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیی نێوخۆیی، لانیکەم رۆژانە پێویستى بە هاوردەکردنى زیاتر لە 1.7 ملیار پێ سێجا گاز هەیە.
گرنگیدانى عێراق بە پەرەپێدانى وەبەرهێنانى لە گاز، جگە لە پێویستیی نێوخۆیی، بەهۆى بەربەرستەکانى بەردەم بەرهەمهێنانى نەوتە کە لە چوارچێوەى هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بۆى دیاریکراوە.
بەگوێرەى رێککەوتنى وەزارەتى نەوت و ئەو هاوپەیمانیێتییە کە عێراق ئەندامە تێیدا، وەزارەتى نەوت ناچارە مانگانە بەرهەمهێنانى 220 هەزار بەرمیل نەوت کەم بکاتەوە بۆ "پاراستنى سەقامگیریی بازاڕى نەوت."
ئێستا تێکڕاى بەرهەمهێنانى نەوت لە عێراق گەیشتووەتە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت، لەکاتێکدا بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتى، دەبێت مانگانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات بۆ ئەوەى خەرجى ئەو بودجەیە دابین بکات کە تێکڕاى پارەکەى بۆ ساڵێک نزیکەى 199 تریلیۆن دینارە.
ئاسۆ فەرەیدوون رایگەیاند، پەرەپێدانى کێڵگە نەوتییەکان بەگشتى لە چوارچێوەى پلانى وەزارەتى نەوتدا نییە و ئێستا عێراق گەیشتووەتە ئەو ئاستى بەرهەمهێنانەى نەوت، کە ئۆپێک پڵەس بۆى دیاریکردووە، بۆیە بۆ زیادکردنى داهات هەنگاوى ناوە بۆ بەرهەمهێنانى گاز.
ئەو ئەندامەى لیژنەى نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی عێراق ئاماژەى بەوەدا، یەکێک لە دەرچەکان ئەوەیە، عێراق لە ئۆپێک پڵەس دەربچێت و گوتیشی، ئەو پرسە جێگەى مشتومڕە لەنێوان وەزارەتى نەوت و سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران کە عێراقى ناچار کردووە بەرهەمهێنانى نەوت سنووردار بکات.
هەردوو گەڕى گرێبەستى نەوتى پێنجەم و شەشەمى وەزارەت نەوت 30 پڕۆژە دەگرێتەوە کە زۆرینەى 19 گرێبەستیان تایبەتن بە بەرهەمهێنانى گاز.
وەڵام بدەوه