فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بە فەرمی دژایەتیی خۆی بۆ ئەو بڕگە و ماددانەی دەستووری وڵاتەكە دەربڕی كە رێگە بە دروستكردنی هەرێمی نوێ دەدەن و بانگەشەی ئەوەی كرد گوایە دروستكردنی هەرێمی نوێ بابەتێكی ڕەتكراوەیە.
لە بەرامبەردا لەتیف مستەفا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و دادوەر، لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسینێكی بە ناونیشانی (وتەکانی ئەمڕۆی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، بانگەشەیەکە بۆ پابەندنەبوون بە دەستوور و دابەشکردنی عێراق) بڵاو كردەوە و تێیدا رایگەیاند: ”کەسی یاسایی دەبێت پابەند بێت بە دەقە یاساییە کارپێکراوەکان، ئەگەر باوەڕیشی پێی نەبێت، تا ئەو کاتەی بە گوێرەی رێوشوێنە دیاریکراوە یاساییەکان هەموار دەکرێنەوە، یان پووچەڵ دەکرێنەوە، دەبێ پیاوی یاسا و دادوەر پێیەوە پابەند بن.“
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەگەر ئەم بابەتە بۆ یاسا ئاساییەکان کە لە پەرلەمانەوە دەردەچن راست بێت، ئەوا بۆ باڵاترین دەقی یاسایی کە دەستوورە زۆر راستە، بۆیە بانگەشەکردن بۆ پابەندنەبوون بە دەستوور، یان هەڵگەڕانەوە لە دەقەکانی دەستوور، دەشێت بانگەشە بێت بۆ هەڵگەڕانەوە لە سیستمی سیاسی و دەستووری، بەتایبەت ئەگەر ئەو دەستوورە دیموکراتی بێت و بە دەنگی خەڵک دانرابێت.
روونیشی کردووەتەوە کە دەستوور هەموو مادەکانی یەک پاکێجە و یەکتری تەواو دەکەن، نابێت بە شێوەی بژارە هەڵببژێردرێن، چەند مادەیەکیان لا پەسەند بێ و جێبەجێی بکەن، هەندێک مادەی دیکەشیان لا ناپەسەند بێ و داوای لادانی بکەن، چونکە لە پێشەکیی دەستووری عێراقدا باس لەوە کراوە، پابەندبوون بەم دەستوورە گەرەنتیی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات.
هاوکات حاکم شێخ لەتیف دەشڵێت: ''ئەو بەش و مادانەی باسی فیدراڵی و چۆنیەتیی بەهەرێمبوونی پارێزگاکان دەکەن، بنەڕەتیترین و سەرەکیترین بەشی دەستوورەکەن، وەک ئەو بەشانەی تایبەت بە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرین. پەرلەمانی عێراق لەبەر رۆشنایی ئەو مادانەدا، یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2008ی دەرکردووە، کە تایبەتە بە پێکهێنانی هەرێمەکان، بۆیە پێشێلکردنی ئەو مادانە بە بیانووی ئەوەی کە لە ئەنجامی سیاسەتە شكستخواردووەكانی رژێمی پێشوو لە دەستووردا جێگیر کراوە و ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە، ئەگەر راست بێت ئەوا بۆ مادەکانی دیکەش هەر راستە، چونکە بەو جۆرە بێت، دەبێ داوا بکەین جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیش نەمێنێت و هەموویان ببنەوە بە یەک، هەروەها دەسەڵاتی دادوەریش ببێتەوە بە بەشێک لە وەزارەتی داد.“
حاکم لەتیف لە درێژەی نووسینەکەیدا گوتوویەتی: ''لە راستیدا ئەمەی لە لایەن سێ باڵاترین دەسەڵاتەکانی دەوڵەتەوە گوتراوە، بانگەشەیەکە بۆ پابەندنەبوون بە دەستوور، بیانوو بەوانە دەدات کە بە مەرجی فیدراڵیبوون بەم دەستوورە رازی بوون و قەبووڵیان كردووە، ئێستا داوای ئەوە بکەن وڵات لێک هەڵبوەشێتەوە، چونکە پابەندبوون بەو دەستوورە گەرەنتیی یەکپارچەیی عێراق دەکات نییە.“
ئەوەشی بە پێویست زانیوە کە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، روونکردنەوەی پێویست لەبارەی ئەو قسانەی لەسەر رەتکردنەوەی بەهەرێمبوونی پارێزگاکان کردوویەتی، بدات
وەڵام بدەوه