مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتی حزبی ئوممە، راگەیاند، بەداخەوە جارێکی دیکە لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە، دەستدرێژی دەکرێتەوە سەر پارێزگای هەولێر، کە سەیر دەکەی بەردەوام ئەو هێرشانە دووبارە دەبنەوە و هەروەها دامەزراوە و فڕۆکەخانەی هەریر بە ئامانج دەگرن.
عگێلی گوتیشی: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چەند جارێک دووبارەی کردووەتەوە کە چارەسەری ئەو تاوانبارە لەیاسا دەرچووانە دەکەن، کە هەڕەشەن لەسەر ئەمن و ئاسایشی کوردستان، بۆیە پێویستە لەسەر سوودانی و هێزەکانی عێراق، ئەو تاوانبارانە بگرن و داداگاییان بکەن، بۆ ئەوەی خوێنی خەڵکی ئێمە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەفیڕۆ نەچێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دۆخە کاریگەری لەسەر ئابووری و بڕیارە سیاسییەکان کردووە، ئەو گرووپە تاوانبارانە هەڕەشەن بۆسەر هەموو ئەو لایەنانەی کە لە بەرامبەرییاندا وەستاون، گوتیشی: گرووپەکان دەڵێن ئێمە بەهێزین و تانکمان هەیە، دەفەرموون ئەوە باڵیۆزخانە و بنکەیان هەیە لە عێراق بڕۆن دەریان بکەن، بۆ هێرش دەکەنە سەرخەڵکی بێتاوان لە هەولێر، بۆیە دەڵێم سوودانی بەرپرسە لە بەهەدەر نەچوونی خوێنی عێراقییەکان.
بەگوتەی ئەمینداری گشتی حزبی ئوممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی بەدیاریکراوی هاوبەشی سیاسیین لە عێراق و پێویستە ئەمە بپارێزرێت، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆلێکی گرنگی هەیە، بۆیە سوودانی لە نێوان "ناڵ و بزمار"دایە دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپانە بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا و باشووری عێراق و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات کە بە فیتەی ئێران کار دەکەن.
راشیگەیاند، پێویستبوو ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارێکی دەرکردبوایە، دەربارەی ئەو هێرش و کردەوانەی کە لە زۆرێک لە پاریزگاکانی عێراق ئەنجامی دەدەن، کە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ئەمن و ئاسایشی عێراق.
وەڵام بدەوه