سوودانی لیژنەکە ڕاسپارد، بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای دادگەی فیدڕاڵی عێراق
ئەمڕۆ چوارشەممە محەمەد شیاع سوودانی سهرۆكوهزیرانی عێراقی فیدراڵ، لە ڕێگەی ڕاوێژكاری كاروباری دەستوورییەوە، لیژنهیهكی بۆ پێداچوونهوە به پڕۆژهیاسای دادگای فیدراڵی پێك هێنا.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بڵاوی كردەوە كە سوودانی بڕیاری داوە د.حەسەن یاسری راوێژکاری کاروباری دەستووریی سەرۆكوەزیران راسپێرێت بۆ پێكهێنانی لیژنەیەک لە نوێنەرانی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق و نوێنەرانی ئەمیندارییەتی گشتیی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵیی لە عێراق، کە حکوومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2015وە ئامادەی کردووە، بەڵام تا ئێستا پەسەند نەکراوە.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵ ئاماژەی بەوەش کردووە كە حکوومەت رەشنووی پڕۆژەیاساکەی ئامادە کردووە و هەوڵی داوە پێداچوونەوە بە هەندێک دەق و تەوەر بکات کە لە خولەکانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، جێگەی ناڕەزایەتی بوون.
هەروەها ئەوەشی باس كردووە كە رەشنووسەکە لە رووی ناوەڕۆکەوە باشتر کراوە، جەختیشی کردووەتەوە كە حکوومەتی فیدراڵی رژدە لەسەر ئەوەی لەگەڵ تەواوی هێزە سیاسی و نیشتمانییەکاندا راوێژ لەبارەی رەشنووسی پڕۆژەیاساکە بکات.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، ئەرکی ئەو دادگایە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانە لەبارەی دەستوورەوە، ئەم دادگایە بە یاسایەکی وهزاری لە ساڵی 2005 پێک هێنرا و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە 45ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاساداناندا بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی خۆیدا، کە لە رێکەوتی 18ی ئاداری 2021 بەڕێوە چوو، هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە 30ی ساڵی 2005ی دادگای باڵای فیدراڵی کرد و پێکهاتەی نوێی دادگاکە راگەیەندرا
وەڵام بدەوه