Kurdistan Press - ئەنجومەنی پارێزگاکان کەی کۆدەبنەوە؟ ئەنجومەنی پارێزگاکان کەی کۆدەبنەوە؟ | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ئەنجومەنی پارێزگاکان کەی کۆدەبنەوە؟

کێ سەرۆکەیاتی یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەکات، ئەی پارێزگار چۆن ھەڵدەبژێردرێن؟ رۆژی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

رۆژی سێشەممە (19ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی لایەنەکانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان راگەیاند و دوو رۆژ دواتریش پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد و رۆژی (24ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە سەرجەم پارێزگاکان پرۆسەکە کۆتاییهات و کۆمیسیۆنیش ئاشکرایکرد 450 سکاڵایان بەدەست گەیشتووە و سەرقاڵی یەکلاییکردنەوەیان دەبن پێش راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی.

بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی ژماردن و وردبینیکردنی دەنگەکان و سکاڵاکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، بەشێوەی کۆتایی ژمارەی کورسی لایەنەکان و ناوی کاندیدە سەرکەوتووەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رادەگەیەندرێت و بە پەسەندکردنی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، پلەی کۆتایی وەردەگرێت.

دوای ئەوەش لەماوەی 15 رۆژدا دەبێت پارێزگارەکانی ئێستا بانگهێشتی ئەندامانی دەرچووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن بۆ کۆبوونەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو کارەی نەکرد، ئەوا ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە رۆژی 16ـەهەمینەوە دەتوانن بەبێ داواکردنی پارێزگار کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامبدەن.

یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە بەڕێوەدەچێت و لەماوەی یەک مانگدا لە ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە پێویستە هەموو کاندیدانی سەرکەوتوو لە هەڵبژاردن وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا سوێندنی یاسایی بخۆن، ئەگەرنا دوای ئەو بەروارە، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پێشنیازی یەکەم کاندیدی سەرنەکەوتوو دەکرێت کە زۆرترین دەنگی هەیە بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی رێژەی کۆتای ژنان.

یەکەم کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەپێی یاسا پێش دەستپێکردنی کارەکان و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتەکانی، هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرێکە بۆ ئەنجوومەنەکانیان، ئەگەر لە دانیشتنی یەکەم نەتوانن ئەو کارە بکەن، ئەوا دانیشتنەکە بە کراوەیی دەهێڵنەوە تا لایەنە سەرکەوتووەکان دەگەنە رێککەوتن.

هاوکات لە ماوەی 30 رۆژدا ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکەی کۆببنەوە ومەرج نییە کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بێت، بەڵکو هاووڵاتییانی دەرەوەی ئەنجوومەنەکەش بەرەچاوکردنی ئەو مەرجانەی لە یاسای پارێزگاکانی نە بەستراو بە هەرێمەکاندا هاتووە.

دوای هەڵبژاردنی پارێزگاریش لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە کە بە زۆرینەی دەنگ دەبێت، لە ماوەی 15 رۆژدا مەرسومی کۆماری بۆ دەردەچێت و دوای ئەوە بەشێوەیەکی یاسایی لە پۆستی پارێزگاردا بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی بەپێی یاسا بۆی دیاریکراوە، دەست بەکارەکانی دەکات.

ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پلەکانیان (بەڕێوەبەری گشتی)ـیە هەوەها پارێزگاریش پلەی (بریکاری وەزیر)ـە و بەگوێرەی یاسا دەسەڵات و ئیمتیازاتەکانیان دیاریکراوە.

دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی و بەرپرسانی ئیداری، هاوکات دەسەڵاتی لادان و لێپرسینەوەشی لە کارەکانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێریکردن و پەسەندکردنی پلانی پرۆژەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەشێکی دیکەیە لە ئەرک و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه