Kurdistan Press - لە بەغدا خۆپێشاندان دەستی پێکرد لە بەغدا خۆپێشاندان دەستی پێکرد | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

لە بەغدا خۆپێشاندان دەستی پێکرد

كەمێك پێش ئێستە لە بەغدای پایتەخدا خۆپێشاندان دژی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەستی پێ كرد و سەرچاوە هەواڵییە عێراقییەكانیش دەڵێن رەوتی سەدر لە پشت خۆپێشاندانەكەوەیە. 

ئەمشەو 15ی كانوونی یەكەمی 2023، بەپێی سەرچاوەی پێگە هەواڵییەكانی عێراق خۆپێشاندان لە رۆژهەڵاتی بەغدا دەستی پێ كردووە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە دووشەمی داهاتوو ئەنجام بدرێت. 

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی كە بە پێگەی "شەفەق نیوز"ی راگەیاندووە نزیكەی هەزار خۆپێشاندەر كە لەلایەن " ئیبراهیم جابری" بەڕێوەبەری نووسینگەی سەدرەوە پاڵپشتی دەكرێن هاتوونەتە شەقامی "جەوادر" لە شاری سەدر لە رۆژهەڵاتی بەغدا. 

ئەم خۆپێشاندانەی ئەمشەوی بەغدا لە كاتێكدایە سەعات هەشتی ئەمشەو محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە گوتەیەكدا لەبارەی هەڵبژاردنەكان داوای لە گشت خەڵكی عێراق كرد كە بەشداربن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە بۆماوەی 10 ساڵە لە عێراقدا ئەنجام نەدراوە. 

لەبارەی خۆپێشاندانەكانیشەوە پێگەی "شەفەق نیوز" بڵاوی كردووەتەوە كە خۆپێشاندانەكەی ئەمشەوی بەغدا لەلایەن لایەنگرانی رەوتی سەدرەوە بەڕێوە دەچێت. 

ئەم خۆپێشاندانەی ئەمشەوی بەغدا لەكاتێكدایە دوو رۆژ پێش ئێستە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توویتەر داوای لە لایەنگرانی كرد كە دەست مەخەنە ناو هەڵبژاردن و بەشداری هەڵبژاردن مەكەن. 

بڕیارە هەڵبژاردنی پارێزگەكانی عێراق لە 18ی ئەم مانگە بێتە سازكردن، هەڵبژاردنەكە لە 15 پارێزگەی عێراق دێتە سازكردن، هەڵبژاردنەكە زۆر گرنگە، شیعەی نزیك لە ئێران چاویان لەوەیە زۆرینەی پۆستە ناوخۆییەكان، بە پارێزگارانیش، لە پارێزگە شیعەكان بخەنەوە ژێر دەستی خۆیان، لە پارێزگەی سوننەكانیش بە سوننەی نزیك لە خۆیانی بدن، رەوتی سەدر بایكۆتی هەڵبژاردنەكەی كردووە، كە ئەگەر هەڵبژاردنەكە بێتە سازكردن، چاوەڕوان دەكرێت دووەم گورزی شیعەی سەر بە ئێران بێت لە موقتەدا سەدری دەسرەوێنن، دوای ئەوەی لە تەمووزی ساڵی رابردوو ناچاری پاشەكشەكردنیان لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی پێ كرد.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه