لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا هیچ بڕیارێک لەبارەی ناردنی پارەی زیاتر بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدرا. دوو بڕگەش سەبارەت بە هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی کۆبوونەوەکە بوون، بەڵام بڕیاریان لەبارەوە نەدرا و دواخران.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، 05-12-2023ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا هیچ بڕیارێک لەبارەی ناردنی پارەی زیاتر بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدرا.
ئەوە لە کاتێكدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات حکومەتی عێراق زوو 700 ملیارەکە بنێرێت کە پێشتر لە مانگی ئەیلوولدا بڕیاری لەسەر دراوە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای 3 گووژمەی 700 ملیاری دیکە دەکات بۆئەوەی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ی فەرمانبەرانی پێ بدات.
هەروەها لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا دوو بڕگەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقەوە لە کۆبوونەوەکەدا کە لە دەرەوەی وڵاتە، دەنگدان لەسەریان و پەسندکردنیان دواخرا.
بڕگەی یەکەم تایبەت بوو بە تەرخانکردنی پارە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە نزیکەی 70 ملیار دینارە. بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 25-2-2024 بەڕێوەبچێت.
بڕگەی دووەمیش تایبەت بوو بە خەرجکردنی 14 ملیار دینار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە پارێزگای هەولێر، بەو پێیەی پێشتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر داوای لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو بۆ چارەسەرکردنی لافاو لە پارێزگای هەولێر بڕە پارەیەک خەرج بکات. سوودانی بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی پێکهێنا و لیژنەکەش پێشنیازی خەرجکردنی 14 ملیار دیناری کرد.
وەڵام بدەوه