بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ (سێشەممە، 28-11-2023) دادگە بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵای پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاری رەتکردنەوەی ئەو سکاڵایەی دا کە لەلایەن مەحموود حوسێن رەزا عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقییەوە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دژی پێنەدانی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان تۆمارکرابوو.
مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقی، ئەمڕۆ دوای بڕیاری کۆتایی دادگەی فیدراڵی، راگەیاند: "دادگەی فیدراڵی سکاڵاکەی رەتکردەوە، چونکە پێیانگوتم من لە نەتەوەی کورد نیم و لەنەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی زەرەرمەندنیم، بۆیە رەتکرایەوە."
لەگەڵ ئەوەشدا رژبوونی خۆی بۆ دووبارە سکاڵاکردن نیشاندا و گوتی: "من لەدوای بڕیارەکەی دادگە پەیوەندییم بە هەندێک لە دۆست و نزیکەکانم لە برایانی کورد کرد و بڕیارە بەناوی ئەوانەوە سکاڵایەکی دیکە پێشکێش بکەینەوە."
نیگەرانیی خۆشی لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەربڕی و بە "نەگونجاو" ناوی هێنا و گوتی: "دەبووایە دادگەکە بزانێت ئێمە نوێنەرایەتی پارتێکی سیاسیی دەکەین کە رۆڵەی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە و ئاین و مەزهەبەکان بەبێ جیاوازی ئەندامن لەلای ئێمە و بۆ ئێمە هەموو ئەو پێکهاتانە یەکن و بەرگری لەهەموویان دەکەین."
سکاڵاکە ژمارەی 227ـی فیدراڵیی 2023ـی هەبوو، لە رۆژی 29-10-2023ـوە بۆ ئەمڕۆ دواخرابوو. لە سکاڵاکەدا سکاڵاکار داوایکردبوو دادگەی باڵای فیدراڵی، حکومەتی عێراق پابەند بکات بە خەرجکردنی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 هاتووە و پێدانی مووچەکان لە وادەی خۆیاندا هاوشێوەی فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی فەرمی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق
وەڵام بدەوه