Kurdistan Press - ھۆکاری بەرزی بەھای دۆلار ئاشکراکرا ھۆکاری بەرزی بەھای دۆلار ئاشکراکرا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ھۆکاری بەرزی بەھای دۆلار ئاشکراکرا

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی كۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریكا و گۆڕینی مامەڵە لە دۆلارەوە بۆ دینار و كۆتاییهێنان بە سەكۆی ئەلیكترۆنیی پێدانی دۆلار، زانیاریی تازە ئاشكرا دەكات و دەڵێت: "فشاری کۆمەڵەکەسێك لەسەر دۆلار وای كردووە نرخی دۆلار بەرز بێت.

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بە (ئاژانسی هەواڵی عێراق)ی ڕاگەیاند: "سەرەتای مانگی داهاتوو بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆ دەبنەوە و سەرجەم مەسەلەکان پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و جەختیش دەکرێتەوە  لەسەر بابەتی حەواڵەی دەرەکی و دۆلار، بۆ ئەوەی بە شێوەیەک بێت كە سەقامگیری لە سیستمی داراییدا زامن بکات، ئەویش پاش جێبەجێکردنی ڕێكار و بڕیارەكان.''

ئاماژەی بەوەش دا: "بانکی فیدراڵیی ئەمریكی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق ڕێک کەوتوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە لە پرۆسەی جێبەجێکردنی حەواڵەکان دەربچن و تەنیا کاری سەرپەرشتیاری و چاودێری بکەن، ئەمەش مەسەلەیەکی ئاساییە لە بانکە ناوەندییەکاندا کە ئەم جۆرە کارانە نەکەن و خۆیان بەدوور بگرن لە حەواڵەی دەرەکی، لەبەر ئەوە، ڕێک کەوتووین لەسەر ئەوەی بانکی ناوەندی و بانکی فیدراڵی پێویستە دەستوەردان نەکەن لەم ڕێکارانە و پلانێکیش لە ئارادایە بۆ ئەوەی کە حەواڵەی دەرەکی لە سەکۆی ئەلکترۆنییەوە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.

جەختی كردەوە: "بانکی فیدراڵی و گەنجینەی ئەمریکی سەرجەم ئەو داواکارییانە دابین دەکەن کە پەیوەندییان هەبێت بە پڕۆسەی دابینکردنی دۆلار بۆ عێراق، ئەویش بە مەرجی پەیڕەوکردنی یاسا و ڕێسای ڕاست و دروست بۆ جووڵەی پارەکان، دووربوون لە سپیکردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر. لەبەر ئەوە، ئەو پارانەی کە لە دەرەوەی عێراقن، پارەی عێراقین و هیچ کۆتوبەندێکیان لەسەر نییە، بەڵکوو هەلومەرج و پێوەرگەلێک هەن چ بە دۆلار، یان بە دراوی ئەورووپی کە پێویستە ڕەچاو بکرێن.''

عەلی عەلاق ئاشكرایشی كرد: "ئەمساڵ کۆتایی بە سەکۆی ئەلکترۆنی دەهێنرێت كە ئێستا بەهۆیەوە دۆلار بە بازرگانان و گەشتیاران و خەڵكی دیكە دەدرێت، پاش تەواوکردنی ڕێکارەکان واز لەم شێوازەی ئێستا سەكۆی ئەلیكترۆنی دەهێنین، پرۆسە بانکییەکان خێراتر و ڕێكوپێکتر و ئاسانتر دەبن.

پارێزگاری بانكی ناوەندی باسی كەمكردنەوەی مامەڵە بە دۆلار دەكات و دەڵێت: "ڕێكاری زۆرمان داناوە بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر دۆلار، کەچی هەندێک لە بازرگانان ئەم سیستەمە پەیڕەو ناکەن، بەڵکوو دۆلاری بازاڕ دەکڕن، ئەمەش کێشە دروست دەکات و نرخی دۆلار ناجێگیر دەكات، واتە کێشەکە لە فشاری کۆمەڵەکەسێکەوە پەیدا دەبێت بۆ دۆلار، ئەوەش نرخی دۆلار بەرز دەكاتەوە، کەچی ڕێکاری ڕاست هەن بۆ حەواڵەکردن و ئەوان پەیڕەو ناكرێن.''

باسی لەوەش كرد، بڕیار هەیە لە ناوخۆ مامەڵەكان لەبری دۆلار بكرێنە دینار، بەڵام نایشارێتەوە جێبەجێكرجنی ئاسان نییە و گوتیشی: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە پارەدان لەناو عێراقدا لەبری دۆلار بە دینار بێت، بەڵام هەندێک کێشە هەیە، هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان، کۆبوونەوەیەک هەبوو لە وەزارەتی پلاندانان دەربارەی گرێبەستەکان و دانەوەی پارە بە دۆلار و بە دینار، کۆمەڵە پێشنیارێک هەن کە تاوتوێ دەکرێن، بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو و، چارەسەرکردنی کێشەکان.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه