جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: "دەبێت هێزە چەكدارەكانی عێراق و هێزە ئەمنییەكان لە سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق پێك بێت و رەچاوی هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی تێدا بكرێت
ئەمڕۆ هەینی 24/11/2023، مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ڕایگەیاندووە: "لە نووسراوێكی فەرمیدا كە ڕۆژی 19/11/2023، ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقمان كرد و نووسراوەكەشمان بە شێوەی دەستی رادەستی جەنابیان كرد، ئاماژەمان بەوە كرد كە بەپێی بڕگەی یەكەمی مادەی 9ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دەبێت هێزە چەكدارەكانی عێراق و هێزە ئەمنییەكان لە سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق پێك بێت و رەچاوی هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی تێدا بكرێت، جگە لەوەی ئەم بابەتی هاوسەنگییە بەشێكیشە لەو كارنامەیەی كە لە كاتی پێكهێنانی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانیدا لە پەرلەمان دەنگی پێ دراوە.
باسی لەوەش كردووە، كە لە نووسراوەكەیاندا جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە بنەمای عێراقی نوێ بریتییە لە هاوبەشیكردن و هاوسەنگی و داوای لێ كردووە "ڕەچاوی هاوسەنگیی پێكهاتەی كوردی لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق بكرێت.
مەریوان قەرەنی بۆ زانیاریی هەموو لایەك ڕوونی كردووەتەوە، لە دروستبوونی عێراقی نوێوە لە 2003 تاوەكوو ئەمڕۆ، "نەك ڕەچاوی هاوسەنگیی پێكهاتەی كورد لەنێو دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان نەكراوە، بەڵكوو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕێژەی كورد لەنێو هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق بۆ كەمتر لە 3% دابەزیوە و لە ماوەكانی رابردوودا بە شێوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو هەوڵی بێبەشكردنی كورد لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق دراوە"، دەشڵێت: "بۆیە پێویستە ئەم ناهاوسەنگییە ڕاست بكرێتەوە و كوردیش وەك هەر پێكهاتەیەكی دیكەی عێراق، بەشدار بێت لە هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی عێراق، بەپێچەوانەوە، نەبوونی كورد لەنێو ئەو هێزانەدا، پێچەوانەی دەستوور و بنەماكانی عێراقێكی فیدراڵە."
وەڵام بدەوه