توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەڵێت، باوکان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر توانای شیرپێدانی دایک بە منداڵ هەیە.
توێژەرانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ''نۆرزوێستێرن'' لە ئەمریکا رایدەگەیێنن، رەفتاری باوکان لە تەمەنە سەرەتاکانی منداڵی تازە لەدایکبوو کاریگەریی لەسەر کوالێتیی خەوی منداڵەکە و شیرپێدانی دایکان هەیە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری پسپۆڕانی منداڵان بڵاوکراوەتەوە و تیایدا 250 باوک بەشداربوون دەرکەوت، ئەو باوکانەی پاڵپشتی هاوژینەکانیان کردووە و یارمەتییان داون، رێژەی شیری هاوژینەکانیان زیاتربووە، بەجۆرێک ماوەیەکی زۆرتر شیریان داوە بە منداڵەکانیان.
پڕۆفیسۆر گرایگ گارفیڵد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: مامەڵەکردنی پیاوان لەگە هاوژینەکانیان لە سەرەتاکانی تەمەنی کۆرپەدا کارتێکەرێکی گرنگە بۆ تەندروستیی کۆرپە.
پڕۆفیسۆرەکە روونی دەکاتەوە، ئەگەر پیاوان پاڵپشتی هاوژینەکانیان بکەن و هانیان بدەن بۆ پێدانی شیر بە کۆرپەکانیان، ئەوا رێژەی شیری دایکەکە و ماوەی شیرپێدانەکەش زیاددەبێت.
پڕۆفیسۆر گرایک دەشڵێت: باوکان دەتوانن بەجۆرێک رۆڵ ببینن کە خۆراکی باش و ژینگەیەکی لەبار بۆ دایکی شیردەر بڕەخسێنن و یارمەتیی هاوژینەکەیان بدەن لە کارەکانی ماڵەوە.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەبێت منداڵ تاوەکو تەمەنی شەش مانگی شیری دایک بخوات، هەروەها دەریدەخات، 'بەهێزبوونی بەرگریی جەستە، زیادبوونی ڤیتامین و مادە کانزاییەکان، باشتر گەشەکردنی خانەکانی مێشک' بەشێکن لە سوودەکانی شیری دایک.
وەڵام بدەوه