لە بەریتانیا زانایان توانیان داهێنانێكی گەورە لە بواری پاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە بكەن، ئەوان خواستیان هەیە بتوانن رێگری لە نەخۆشییەكە بكەن و لە ناوی ببەن بەر لە گەیشتنی بۆ لەشی مرۆڤ، بۆ ئەوەی ناچار نەبن بە دوای چارەسەری بۆ گرێ شێرپەنجەییەكان بگەڕێن.
وەك رۆژنامەی "میرۆر"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە، زانایان لە زانكۆی ئۆكسفۆرد رایان گەیاند كە پێشوەچوونێكی گەورەیان لە بواری گەیشتن بە بەرهەمهێنانی ڤاكسینێك بە دەست هێناوە، كە مرۆڤ لە تووشبوون بە شێرپەنجە پێش زیاتر لە 20 ساڵ لە دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەكان لە لەش دەپارێزێت.
ئەو داهێنانەش ئەنجامی پڕۆژەیەكی هاوبەشی زانایانی زانكۆی ئۆكسفۆرد و كۆمپانیای "گلاسكۆ سمیس كلاین"ی دەرمانسازییە، توێژینەوەكان بە سەركردایەتیی پرۆفیسۆر سارە بلاگدن بەڕێوە دەچن، كە ئەندامێكی تیمی بەرهەمهێنەری ڤاكسینێكی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە.
بلاگدن دەڵێت، شێرپەنجە كتوپڕ دەرناكەوێت، بەڵكو لە ماوەی چەند ساڵێك بە هەناگاو گەشە دەكات، كاتێك خانە ئاساییەكانی لەش لە ماوەی 20 ساڵ یان زیاتر بۆ خانەی شێرپەنجەیی دەگۆڕێن، لە قۆناغە زووەكاندا شێرپەنجە دیار ناكەوێت، كە بە قۆناغی پێش شیچرپەنجە دەناسرێت، ئامانجی ڤاكسینەكە ئەو قۆناغەیە، واتە پاراستنی مرۆڤ لە شێرپەنجە بەر لە پەرەسەندن و گەیشتنی بە قۆناغی دەركەوتن.
بیرۆكەی ڤاكسینەكە بریتییە لە بەكارهێنانی پرۆتینی تایبەتی گرێیەكان، كە لە لایەن ڤاكسینەكەوە دەكرێنە ئامانج و بەر لە گەشەكردنیان و بوونیان بە نەخۆشییەك لە لەشدا بڵاو ببنەوە و تەشەنە بكەن، لەناو ببرێن، ئێستەش توێژینەوەكە كار لەسەر پێدانی ڤاكسینەكە بە ژمارەیەك كەس بەر لە تووشبوونیان بە شێرپەنجە دەكات، كە بە پەرەسەندنێكی گەورە لە بواری پزیشكیی خۆپاراستن دادەنرێت و هەنگاوێكی گرنگە بەرەو پاراستنی مرۆڤ لە شێرپەنجە لە قۆناغە زووەكان بەر لە گەشەكردنی.
وەڵام بدەوه