KurdistanPress...

CLOSE

مووچەی مانگی 11 یەکلاییکرا

سبەی لە بەغدا هەردوو لیژنەی تەکنیکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق  لەگەڵ تەیف سامی کۆدەبنەوە ، مووچەی مانگی 11ـی ئەمساڵ دەدرێت، بەڵام مووچەی مانگی 12 دەفەوتێت.

  هەردوولا ڕاپۆرتەکەیان ئیمزا کردووە و کۆکبوون لەسەری ئەوەی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانی بەغدا و پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.

  ڕاپۆرتەکە بەو شێوەیە ئامادەکراوە کە وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردبوو  لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تاوەکو مانگی 11ـی ئەمساڵ، مانگ بە مانگ وردبینی بۆ کراوە و ڕێکخراوە کە چەند پارە هاتووە و چۆن خەرج کراوە، تەنانەت بە داهاتی ناوخۆشەوە داهاتەکە چەند بووە و لە چی خەرجکراوە و چۆن کورتهێنانی مووچەی پێ پڕکراوەتەوە.

 بڕیارە سبەی دووشەممە راپۆرتەکە ببرێتە بەردەم تەیف سامی بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی خەرجکردنی 430 ملیارەکە بدات کە موناقەلە کرابوو، لەگەڵ پارەی مووچەی مانگی 12 هەرچەندە پارەی مانگی 11ـیە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق پێداگری دەکات لەوەی کە ئەم مووچەیە بۆ مانگی 12ـیە.

 لەو دوو مووچەیەی کە بەغدا نەیناردووە، مووچەی مانگی 11 زامنە، بەڵام مووچەی مانگی 12 دەفەوتێت و ئەمساڵ نادرێت. چونکە بەغدا پێداگری لەوە دەکات کە سێ مووچەی ناردووە، بەڵام بە کەموکوڕی ناردوویەتی و تەنیا بەشی مووچەی دوو مانگ بووە. سبەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن کۆدەبێتەوە کە تەیف سایمی یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، لەوێش باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێ کە یەکێک لە کێشەکان نەبوونی سیولە و پارەی کاشە، ئەمەش ئەگەر چارەسەر نەکرێت گرفت بۆ مووچە لە سەرجەم عێراق دروست دەکات.

 ئێوارەی دوێنێ  لیژنە هاوبەشەکەی هەردوو وەزارەتەکانی دارایی کوردستان و عێراق کارەکانیان تەواو کرد، لەبارەی وردبینیکردن لە لیستی مووچە و شێوازی خەرجکردنی داهاتی ناوخۆ. دوێنێ شەو شاندەکەی وەزارەتی دارایی عێراق گەڕانەوە بەغدا، شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردساتنیش هاوشانیان گەیشتنە بەغدا بەمەبەستی تاوتوێکردنی ڕاپۆڕتەکە و  چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆران بەتایبەت بۆ مانگەکانی 11 و 12.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه