کێشەی مووچەی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمان چارەسەر کراوە و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق پارەیان بۆ خەرج دەکات.
هەرچەندە مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان دابەش کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی لەسەر لیستەکانی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەبوو، پارەی بۆ خەرج نەکردن. ئەردەلان دۆسکی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی کارەبا راگەیاند: "وردبینیکردن و بەدواداچوون لە هەفتەی ڕابردووەوە تەواو بووە، بڕیار بوو ڕۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممە مووچە بێت، بەڵام لەبەر پشووی عاشوورا وەستا و لە دوو ڕۆژی داهاتوو پارەکە خەرج دەکرێت. هۆکاری ڕاگرتنی مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیە بۆ وردبینی لیژنەی چاودێریی دارایی دەگەرێتەوە، دوای بەدواداچوون هیچ گرفتێک نەبووە و ماوەتەوە سەر ئەوەی پارەکە خەرج بکرێت. لەگەڵ گەیشتنی پارەکە ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و مووچەخۆرانی ئەم دوو دامەزراوەیە ئەم هەفتەیە مووچە وەردەگرن.
وەڵام بدەوه