بانکى ناوەندیى عێراق رێکارێکى نوێ دەگرێتەبەر بۆ فرۆشتنى دۆلار کە دەبێت کڕیارى دۆلار لەگەڵ پێشکێشکردنى داواکارییەکەیدا، وێنەیەکى بگیرێت. ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە رێگرى بکرێت لەوەى کەسێک لە برى کەسێکى دیکە دۆلار لە بانکەکە بکڕێت.
بەگوێرەى نووسراوێکى بانکى ناوەندى کە لە 17ـى ئابى 2023، ئاراستەى سەرجەم ئەو بانک و کۆمپانیایانە کراوە کە مامەڵەى دۆلاریان لەگەڵیدا هەیە، ئاماژەى بەوە داوە سیستمێکى نوێ بۆ سەکۆى ئەلیکترۆنى دادەنرێت کە لەکاتى پێشکێشکردنى داواکاریى کڕینى دۆلار، دەبێت وێنەیەکى "خێرا"ـى لە کاتى تۆمارکردنى داواکارییەکەدا لە سەکۆیەک بگرێت، لەگەڵ کاتى کڕینى دراو لە قۆناخى ناردنى بەڵگەنامەکان لە رێگەى ئەو سەکۆیەوە.
بانکى ناوەندى داواى لە بانکەکان کردووە، کامێرایەکى گونجاو دابنێن کە قەبارەى وێنەکانى لە (720 p HD) کەمتر نەبێت و ببەسترێت بە ئامێرى کۆمپیوتەرى تەرخانکراو بۆ تۆمارکردنى داواکارییەکانى گۆڕینى دۆلار لە سەکۆى ئەلیکترۆنى.
رۆژی 22ـى ئابى 2023، خەلیل دۆسکى، ئەندامى لێژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق راگەیاند، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە رێگرى بکرێت لەوەی کەسێکى دیکە لە برى کەسى رێگەپێدراو لەو بانک و کۆمپانیایانە دۆلار لە رێگەى بانکى ناوەندى بکڕێت.
بەگوێرەى نووسراوەکە، ئەو رێوشوێنە دەبێت لەماوەى دوو هەفتەدا لەدوای دەرکردنى نووسراوەکەوە جێبەجێ بکرێت.
رۆژانە بانکى ناوەندیى عێراق لە رێگەى سەکۆیەکى ئەلیکترۆنییەوە داواکاریى کڕینى دۆلار لە بانک و کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو وەردەگرێت و دۆلاریان بە نرخى فەرمى پێدەفرۆشێت، کە 1310 دینارە بەرامبەر یەک دۆلار.
ئەو هەنگاوە بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار، کە ئێستا نرخى یەک دۆلار لە بازاڕى نێوخۆیی لە سەرووی 1500 دینارە.
وەڵام بدەوه