Kurdistan Press - بۆچی بەغدا بوودجەی ھەرێم لەکاتی خۆیدا نەناردووە بۆچی بەغدا بوودجەی ھەرێم لەکاتی خۆیدا نەناردووە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

بۆچی بەغدا بوودجەی ھەرێم لەکاتی خۆیدا نەناردووە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دواکەوتنی ناردنی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێ "بەهۆی کێشەی تەکنیکییە"، جەختیش دەکاتەوە لەوەی "کێشە لە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە."

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق  راگەیاند "دواکەوتنی مووچە و شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان بە پلەی یەکەم بەهۆی کێشەی تەکنیکییە نەک سیاسی، چونکە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجە درەنگ راگەیێندراون، ئێستا پێویستە هەرێم و وەزارەت و پارێزگاکان سەردانی یەکەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی بکەن بۆ وەرگرتنی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و شایستەکانی هاوشێوەی پارێزگاکان

موعین کازمی دەڵێت "پێویستە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی بەدواداچوون بکات. هەندێک رێکاری رۆتینی هەن بۆ دەرکردنی چەکەکان و دانانی پارە لە هەژمارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

موعین کازمی، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدرە بە سەرۆکایەتی هادی عامری، باسی لەوە کرد رەنگە گفتوگۆ هەبێت لەبارەی رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بە حکومەتی فیدراڵی، ئەمە هەندێک کێشەی تەکنیکی هەیە لەبارەی چۆنیەتی رادەستکردنی ئەو بڕە، ئامادەکردنی بۆرییەکان و ژێرخانی لۆجستی. پێموایە ئێستا هەرێمی کوردستان ئامادەیە ئەو بڕە نەوتە رادەست بکات."

سەبارەت بە هۆکاری نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە رێکوپێکی و لە کاتی خۆیدا، ئەو پەرلەمانتارە گوتی "پێویستە لە شاندی هەرێمی کوردستان بپرسن، گرفت و ئاستەنگییەکانی بەردەم نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان چین؟ رەنگە بابەتەکە پەیوەندی بە داواکاریی رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە هەبێت کە لە مادەکانی 12 و 13 یاسای بودجە جێگیراوە بۆ هەناردەکردن، یان بۆ بەکاربردنی نێوخۆیی، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە."

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و کێشەی نییە، هەروەک هەرێمی کوردستانیش پابەندە و، پێیوایە کێشە لە فەرمانگە حکومییەکانە، "وەزارەتی دارایی و نەوت پێویستە هاوئاهەنگ و هاوکاربن تەنانەت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانیش، بۆ ناردنی شایستە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی حەوت و هەشت."

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی  هیوادارە پێش کۆتایی ئەم مانگە، مووچە مانگەکانی حەوت و هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەبکرێت، "چونکە وەزارەتی دارایی جدییە، بەڵام هەندێک کێشەی تەکنیکی لە وەزارەتی دارایی هەیە، بە دواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن لە فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی، بەتایبەتی شاندی دیوانی چاودێریی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و گەڕاوەتەوە و، بۆچوونی هەیە لەبارەی 670 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان."

ماجد شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-08-2023) لە لێدوانێکدا رەتیکردەوە بابەتەکە کێشەی تەکنیکی بێت و گوتی، "هەرێمی کوردستان ئامادەیە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، بەڵام هەناردەکردنی نەوت راگیراوە، عێراقیش ناتوانێت لە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، زیاتر وەربگرێت بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی، چونکە توانای وەرگرتنی هەر ئەوەندەیە."

شنگالی گوتیشی "راگرتنی نەوت هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە، دەبێت حکومەتی عێراق رێککەوتنی نوێ لەگەڵ تورکیا بکات، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە نەوتی کەرکووک، نزیکەی 5 ملیار دۆلار زیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان داوە".  

یاسای بودجەى گشتی لە 12ی حوزەیران لە پەرلەماندا پەسند کرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.

3ـی ئابى 2023، وەزارەتى دارایی عێراق بڕى 598 ملیار دینارى وەک پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى تەمموز نارد.

لەسەرەتاى ئەمساڵەوە، بەغدا دوو تریلیۆن و 598 ملیار دینارى وەک پشکى هەرێمى کوردستان رەوانە کردووە، کە بڕیارە لەگەڵ شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان لەسەر بەغدا، پاکتاو بکرێت.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه