شارەزایەکی بواری بانکیی لەعێراق جەخت دەكاتەوە کە بانکەکانی سەر بە لایەنە سیاسییەکان هۆکاری بەردەوامیی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارن لە عێراقدا.
ناسر کەنعانی، شارەزای بواری بانکی، به میدیای عێراقی راگەیاند: "بۆ هیچ کەس شاراوە نییە کە لە عێراقدا چەندین بانک هەن سەر بە حزب و کەسایەتییە سیاسییە کاریگەرەکانن و ئەو بانکانەش ئەوانەن کە دەبنە هۆی دروستبوونی قەیرانی دۆلار لە عێراقدا، بەو پێیەی کار لەسەر حەواڵەی ڕەش و هەندێک جوڵەی نایاسایی بانکی دەکەن."
ئاماژەی بەوەشکردووە: "پارێزگاری سیاسیی بەشێک لەو بانکانە هۆکارێکە بۆ لێنەپرسینەوەیان لەلایەن دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانی عێراقەوە."
ئەو شارەزایە روونیشی كردووەتەوە: "ئەو سزایانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەسەر بانكە عێراقییەكانی دەسەپێنێت، بۆڕێگریکردنە لە خراپ بەکارهێنانی دراوی دۆلار."
ناسر کەنعانی دەشڵێت: "لە حاڵەتی بەردەوامی کارکردنی ئەم بانکانە لە دەرەوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا، لەقۆناغی داهاتوودا سزای نوێی ئەمریکایان بەدوادابێت."
لە مانگی رابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەچوارچێوەی هەڵمەتی ڕێگریکردن لە حەواڵەکردنی نایاسایی دۆلار سزای بەسەر 14 بانکی عێراقییدا سەپاند.
ئەو شارەزایەی بانكی عێراقی گوتیشی: "بانکە سزادراوەكان دەستیان لە سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەی ساختەدا هەبووە و مەترسی هەیە هەندێك بانكی دیكەش سزا بدرێن."
وەڵام بدەوه