شەوى یەکشەمەى ڕابردوو، مادەی هۆشبەر، لە کۆشکى سپى دەدۆزرێتەوەو بەهۆیەوە بەشێک لە کۆشکى سپى بۆ ماوەیەکى کاتى داخراوە.
بەگوێرەى ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی واشنتن ئاشکراکردوە، کە تۆزێکی سپی کە لە درەنگانی شەوی یەکشەممەدا لەناو کۆشکی سپیدا دۆزرایەوە و بوەتە هۆی داخستنی کاتی بەشێک لە بەشی سەرۆکایەتی، بەهۆی ئەوەی دەرکەوتوە ئەو ماددەیە کۆکاینە.
لەلایەکی دیکەوە، دەزگای نهێنی ئەمریکا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرزی پشتڕاستکردەوە، مادەیەکی نەناسراو بۆتە هۆی داخستنی بەشێک لە کۆشکی سپی، بەڵام پرسیاری دیکەی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کردوە، کە ئامادەنەبو هیچ لێدوانێک بدەن.
وتەبێژی دەزگای نهێنی لە بەیاننامەیەکی ئیمەیڵدا ڕایگەیاندوە، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، بەشێکی کۆشکی سپی بەئامانجی خۆپارێزی و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە داخراوە، لەکاتێکدا بریکارەکانی خزمەتگوزاری نهێنی پشکنینی مادەیەکی نەناسراویان دەکرد کە لە شوێنێکی کارکردندا دۆزرایەوە.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو ماددانە لە بەشی ڕۆژئاوای کۆشکی سپی دۆزراوەتەوە، بەشی ڕۆژئاوا بارەگای جێبەجێکردن لەخۆدەگرێت کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا تێیدا نیشتەجێیە، ژوری کۆبونەوە و شوێنی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی، جگە لە ئۆفیس و شوێنی کارکردن بۆ ڕاوێژکاران و تیمی سەرۆکایەتی تێدایە.
جۆو بایدن لە کۆشکی سپیدا نەبوە کاتێک ئەو مادەیە دۆزرایەوە و سەدان کەس بە بەردەوامی لە بەشی ڕۆژئاوا کاردەکەن یان بەو بەشەدا تێدەپەڕن، دەزگای نهێنی ئەوەشی ئاشکراکردوە، "پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی واشنتن کراوە بۆ هەڵسەنگاندن".
دو بەرپرسی ئاگادار لەو بابەتە بۆ ڕۆژنامەی واشنتن پۆست پشتڕاستیانکردەوە، ئەو مادەیەی لە کۆشکی سپی دۆزرایەوە کۆکاینە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت کێ بەکاریهێناوە.
وەڵام بدەوه