حاکمی هەرێمی لیپێتسکی رووسیا پشتڕاستی دەکاتەوە کە گرووپی ڤاگنەر گەیشتوونەتە نێو هەرێمەکە. ناوەندی هەرێمەکە بە دووریی 400 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری مۆسکۆ.
ئێوارەی رۆژی شەممە 24-06-2023، ئیگۆر ئارتامۆنۆڤ، حاکمی هەرێمی لیپێتسک لە تەلەگرام رایگەیاند، "کاروانی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی گرووپی ڤاگنەر بەنێو خاکی هەرێمی لیپێتسکدا دەچن و داوا لە دانیشتووان دەکەین ماڵەکانیان بەجێنەهێڵن و بەهیچ شێوەیەک هۆکاری گواستنەوە بەکارنەهێنن.
پێشتر، میدیای رووسیا رایگەیاند، کاروانێکی سەربازیی 150 ئۆتۆمبێلی ڤاگنەر بەرەو هەرێمی لیپێتسک بەڕێگەوەن، کە نزیکەی 400 کیلۆمەتر لە مۆسکۆوە دوورە.
میدیای بەریتانیش چەند گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەردەکەوێت کاروانێکی سەربازی بە شاری ڤۆرۆنێژ دا تێپەڕ دەبێت و رایگەیاند کە پشتڕاستیان کردووەتەوە، ئەو کاروانە بە هێڵی M4 دا تێپەڕیون کە شاری ڤۆرۆنێژ بە لیپێتسک و مۆسکۆ دەبەستێتەوە.
هاوکات لە هەرێمی کالوگا کە دەکەوێتە باشووری مۆسکۆ، بە هەمان شێوە قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا.
ڤلادیسلاڤ شاپشا، پارێزگاری هەرێمەکە لە پەیامێکدا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێت: "تکایە خۆتان لەگەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بەدووربگرن."
وەڵام بدەوه