ئەمڕۆ لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا پارێزگاری ھەولێر بەبەشداری ٣٠٠ پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانی جیھان بەشداری کۆنگرەی ساڵانەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانی فرانکۆفۆنییەکان دەکات.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، دکتۆر عەلی دۆڵەمەری، ڕایگەیاند: "بڕیارە لە ٢٧ تاوەکو ٢٩ی نیسان ٩٨مین کۆنگرەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانی فرانکۆفۆنییەکان کە ھەولێریش تێیدا ئەندامە بەرێوەبچێت و پارێزگاری ھەولێریش بەفەرمیی لەلایەن سەرۆکی شارەوانی پاریس خاتوو ئان ئیدالگۆ بانگھێشتی کۆبوونەوەکە کراوە و بڕیارە لەو کۆبوونەوەیە چەندین چاڵاکی ئەنجامبدرێن".
دکتۆر عەلی دۆلەمەری گوتیشی: "ئەو کۆنگرەیە زۆر گرنگە و زیاتر لە ٣٠٠ پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانی جیھان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەشداری تێدا دەکەن، ھاوکات یەکێک لەوانە پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناوە، کە لەکاتی گەیشتنی بۆ پاریس لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی پاریس کۆبوونەوەی ئەنجامدا، چونکە ساڵانە ئەو جۆرە کۆنگرانە بەڕێوەدەچن و ھەولێریش بەفەرمیی بانگھێشت دەکرێت و بەشدار دەبن".
لەکۆبوونەوەی پارێزگاری ھەولێر و سەرۆکی شارەوانی پاریس، پارێزگاری ھەولێر وێڕای گەیاندنی سڵاوی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی ھەڵوێست و ڕۆڵی مێژوویی فەرەنسا لە پشتگیریکردن و ھاوکاریی بەردەوامی بۆ گەلی کوردستان لە کاتە سەختەکاندا کرد، بەتایبەتی لە شەڕی تیرۆرستانی داعش، جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و پاریس کردەوە و بەفەرمی بانگھێشتی سەرۆکی شارەوانی پاریسی کرد بۆ سەردانیکردنی ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا لەلایەن خۆیەوە سەرۆکی شارەوانی پاریس بە سوپاسەوە بانگھێشتەکەی قبوڵکرد و جەختی کردەوە کە لە زووترین کاتدا سەردانی ھەولێری پایتەخت دەکات.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا پارێزگاری ھەولێر داوای کرد لە پێناو بەھێزکردنی جووڵەی بازرگانی و ھاتووچۆ، ھێڵی ڕاستەوخۆی نێوان فرۆکەخانەی ھەولێر و پاریس بکرێتەوە، ھەروەھا پەرەی زیاتر بدرێت بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆکانی پاریس و گرنگی زیاتریش بدرێت بە قوتابخانە فەرەنسیەکان لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا پارێزگاری ھەولێر، وێڕای ئەوەی سوپاسی سەرۆکی شارەوانی پاریسی کرد بۆ بەفەرمی بانگھێشتکردنی شاندی حکوومەتی ھەرێم و پارێزگای ھەولێر بۆ ئامادەبوون لە ئۆڵمپیادی ساڵی ٢٠٢٤، کە لە پاریسی پایتەختی وڵاتی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، ھاوکات جەختی لە گرنگیدان بە ژینگە و کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەش و ھەوا کردەوە و داواشیکرد بەسوود وەرگرتن لە توانا و ئەزموونی پسپۆڕانی وڵاتی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان بەگشتی و ھەولێری پایتەخت بەتایبەتی وەربگیرت بۆ پڕۆژەکانی ڕیسایکلین و پارێزگاریکردن لەژینگە.
وەڵام بدەوه