ماڵپەڕێکی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ڕوونی بە دۆناڵد ترەمپی ڕاگەیاندووە، هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکرێت، دەبێت لە دۆسیەی ئەتۆمی تێپەڕێت و بەرنامەی مووشەکی و گرووپە چەکدارەکانیش بگرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی شوباتی 2026، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" بڵاوی کردەوە، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای گوتووە: "سەرۆک ترەمپ پێی وایە ئێرانییەکان باش دەزانن لەگەڵ کێ مامەڵە دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، نەتەنیاهۆ گومانی خۆی لە سوودی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بۆ ترەمپ دەربڕیوە و دووپاتی کردووەتەوە، نابێت لێکتێگەیشتنەکان تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بن، بەڵکو دەبێت ئەو پرسانەش چارەسەر بکات کە بۆ ئیسرائیل گرنگن، لە سەرووی هەموویانەوە "بەرنامەی مووشەکیی بالیستی و دەسەڵاتی هەرێمیی ئێران و بریکارەکانی.
نەتەنیاهۆ ئاماژەی بەوە داوە، سەرەڕای تێبینییەکانی، بەڵام ئەو مەرجانەی ترەمپ دایاندەنێت، ڕەنگە زەمینە خۆش بکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بە "باش" وەسفی کردووە، ئەگەر هاتوو ئێران پێوەی پابەند بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران، تۆمەتی ئاراستەی ترەمپ و نەتەنیاهۆ کرد بەوەی هاندەری خۆپێشاندانەکانی دژی ڕژێم بوون و هەموو دەرگایەکیان لە وڵاتەکەی داخستووە.


وەڵام بدەوه